رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی نێوداری کورد عەدنان کەریم، نوێترین گۆرانیی خۆی بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بە ناوی "سبە رابە" بڵاو کردەوە. ئەم بەرهەمە کە ئاوازێکی کرمانجییە، هۆنراوەکەش هی شاعیری گەورەی کورد "جگەرخوێن"ـە.
هونەرمەند عەدنان کەریم دەربارەی ئەم کارە نوێیەی بۆ رووداو گوتی: "جوانیی وێنە شیعرییەکەی جگەرخوێن هانی دام کە ئەم ئاوازە کرمانجییەی بۆ دابنێم.
مۆسیقای ئەم گۆرانییە هونەرمەند خەلیل عەبدوڵڵا دایڕشتووە و هەست دەکەم گونجاوترین مۆسیقایە کە بۆی دانرابێت، چونکە تەواو مۆرکی کوردیی کردووەتە بەر بەرهەمەکە."
عەدنان کەریم لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بە رۆڵی هونەر لە نزیککردنەوەی پارچەکانی کوردستان کرد و گوتی: "کورد لە هەر پارچەیەک بێت، فەرهەنگ و هونەر و کولتوور و رووحی کوردایەتی زیاتر لە یەکتریمان نزیک دەخاتەوە. پۆشینی جلوبەرگی کوردیی ناوچە جیاجیاکان خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی جوانی یەکگرتن و هەستی نەتەوایەتی، ئێمە لەم کارە دا هەوڵمان داوە هەموو خۆشەویستیی کوردستان کۆ بکەینەوە."
ئەم بەرهەمە هونەرییە لە رووی تەکنیکییەوە بە کوالێتییەکی بەرز جێبەجێ کراوە، کە تێیدا راسان جەلال و سەباح ئەحمەد وەک وێنەگر دیمەنە دڵڕفێنەکانی سروشتی کوردستانیان تۆمار کردووە و کار و مۆنتاژی ڤیدیۆکلیپەکەش لەلایەن هاوڕێ زاهیرەوە ئەنجام دراوە.
هونەرمەند عەدنان کەریم لە کۆتایی لێدوانەکەی دا هیوای سەرکەوتنی بۆ کەناڵی رووداو خواست و بە "کەناڵە تاقانەکەی کورد" ناوی هێنا.

.png&w=3840&q=75)
