رووداو دیجیتاڵ
باوکی ئەو منداڵەی لە بناری قەندیل بێسەروشوێن بووە، بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداوەوە وردەکاریی رووداوەکە دەگێڕێتەوە و رایدەگەیێنێت، کوڕەکەی لەلایەن چەند کەسێکەوە بە ئۆتۆمبێل رفێندراوە. دەشڵێت: "پەکەکە پێیانگوتووین یاد سەلامەتە، بەڵام هێشتا شوێنەکەی نازانین."
سەرباز عەلی، باوکی یاد سەرباز (ئەو منداڵە تەمەن 4 ساڵانەی لە پێنجشەممەی رابردووەوە لە گوندی ئێندزێ بێسەروشوێنە)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو باسی لە ساتی ونبوونی کوڕەکەی کرد و گوتی: "یاد لەگەڵ کوڕی خەزوورم و کوڕە پوورێکی بووە، کە هەردووکیان تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵانە؛ لەناکاو ئۆتۆمبێلێک هاتووە و یادی بردووە. منداڵەکان دەڵێن یاد گریاوە، بەڵام کەسی گەورە لەوێ نەبووە فریای بکەوێت."
بەهۆی ئەوەی ئەو منداڵانەی لەگەڵ یاد بوون تەمەنیان بچووکە، نەیانتوانیوە جۆری ئۆتۆمبێلەکە یان ناسنامەی رفێنەرەکان بناسنەوە، تەنیا ئەوەندە دەزانن کە "چەند کەسێک یادیان بردووە."
باوکی یاد وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە بوونی کێشە لە نێوان ئەو و خەزوورانی یان هاوژینەکەی دەکەن و دەڵێت: "گومانم لە هەموو کەس هەبێت لە خاڵی یاد نییە، هیچ کێشەیەکمان نییە و سێ هەفتە پێش ئێستا پێکەوە لە سەیران بووین."
سەرباز عەلی رەتیکردەوە کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەی هەبێت و گوتی: "ئێستا هەردووکمان ئازاد کراوین و پێکەوە لە ماڵەوە دەژین، ئەوەی دەگوترێت کێشەمان هەیە دوورە لە راستییەوە."
گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیلە و لەڕووی ئەمنییەوە لەژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دایە. سەرباز عەلی سەبارەت بە سۆراخی کوڕەکەی لای پەکەکە گوتی: "چووینە لای پەکەکە و سۆراخمان کرد، پێیانگوتووین یاد سەلامەتە، بەڵام نازانین لای ئەوانە یان نا، تەنیا دڵنیاییان داین کە سەلامەتە."
باوکی یاد ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کێشە و هەڕەشەیەکی پێشوەختەی لەلایەن پەکەکەوە لەسەر نەبووە و چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕەکەیەتی.
یاد سەرباز، تەمەنی چوار ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە. بۆ سەردانی ماڵی باپیری چووەتە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل، بەڵام لە پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە چارەنووسی نادیارە.



