رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی، مەشقدانی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکیی رەتکردووەتەوە کە لیۆنێل مێسی یاریی لێدەکات.
سەرچاوەکان دەڵێن، راهێنەرە ئیسپانییەکە دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێشی بۆ مەشقدانی یانەکەی مێسی پێگەیشتووە، بەڵام ئەو پێی باشبووە، ماوەیەک لە دونیای راهێنەرایەتی دووربکەوێتەوە.
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، داڤید بێکهام، هاوبەشی خاوەندارێتی یانەی ئینتەرمەیامی، گواردیۆلای لەسەرووی لیستی بەربژێرانی مەشقدانی یانەکەی داناوە بۆ شوێنگرتنەوەی خاڤیێر ماسکیرانۆی راهێنەر کە مانگی رابردوو لە یانەکەی رۆیشت.
کارگێڕیی یانەکە ئەمریکییەکە بەئومێدی رازیکردنی پێپ، باسوخواسی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی بۆ تیپەکەی دواخستووە، بەڵام رەتکراوەتەوە.
چوونی پێپ بۆ یانەکە و خولی ئەمریکا، دەستکەوتێکی گەورە و بەرەوپێشچوونێکی مەزن دەبوو بۆ یانەکە و خولەکە، ئەمە جیا لەوەی کە ئەو راهێنەرە، جارێکی دیکە دەبووەوە راهێنەری مێسی، پاش ماوەیەکی پڕ لە نازناوی سەرکەوتوو، لە بارسێلۆنا.
وەک سەرچاوەکان گوتوویانە، پێپ بەنزیکەکانی راگەیاندووە، نایەوێت دەستبەجێ دەستبەکاری راهێنەرایەتی بکاتەوە، پاشئەوەی دە ساڵی رێک لە مەشقدانی مانچێستەر سیتی بەردەوامبوو و یانەکەی کردە یەکێک لە گەورەکانی ئەورووپا.
پێپ دەیەوێت، ماوەیەک پشوو وەربگرێت بۆ ئەوەی لە نزیک خێزانەکەی بێت، بەرلەوەی دەستبکاتەوە بە مەشقدان.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، پێپ ویستی ئەوەی هەیە رووبکاتە بواری مەشقدانی هەڵبژاردەکان، هەر ئەوەش وایکردووە ئەو راهێنەرە سەرجەم دەستەوارەکانی مەشقدانی یانەکان رەتبکاتەوە.
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانیی ئینگلتەرا ئەوەشیان خستووەتە روو، کە گواردیۆلا هێشتا بەربژێرێکی دڵخوازی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیە، بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە ئەگەری رۆیشتنی تۆماس توخێل، ئەگەر ئەنجامەکانی لە مۆندیالی ئەمساڵ بەدڵی هاندەرانی هەڵبژاردەکە نەبن.



