رووداو دیجیتال
یانەی هەولێر هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی عەدنان حەمەد، گەورە راهێنەری عێراق چڕکردووەتەوە و دەیەوێت ئەرکی سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی تیپەکەی بداتێ.
دوای ئەوەی باسم قاسم، راهێنەرایەتی هەولێری جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی زەوراوە کرد، یانەی هەولێر لە دوای گەورە راهێنەرێک دەگەڕێت.
سێ رۆژە یانەی هەولێر و عەدنان حەمەد لە گفتوگۆدان، ئەو راهێنەرە کە لە ئوردن ژیان دەکات، سێ رۆژە گەشتی پایتەختی کوردستانی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە گرنگترین داواکارییەکانی عەدنان حەمەد، سەقامگیری و بوونی داراییەکی باشە لە کاروانی کارکردنی داهاتوویان، ئەو راهێنەرە داوای گەرەنتی بوونی داراییەکی باش و ئارامی لە کارکردن کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ عەدنان حەمەد و سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر کۆبووەوە، هەموو پاڵپشتی و بوونی کەشێکی باشی دارایی بۆ راهێنەرەکە دووپاتکردەوە.
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "عەدنان حەمەد راهێنەری داهاتووی یانەی هەولێرە و سوپاس بۆ پاڵپشتی بەردەوامی پارێزگاری هەولێر، هەموو شتێک باش رۆیشتووە و چاوەڕوان دەکرێت کە ئەو کەسایەتییە گەورە سەرکردایەتی تیپەکەمان بکات".
عەدنان حەمەد، ئەمشەو دەگەڕێتەوە شاری عەممانی ئوردن، لە چەند رۆژی داهاتوو وەڵامی کۆتایی یانەی هەولێر دەداتەوە.
یانەی هەولێر وەرزی رابردوو تیپێکی بەهێزی خولی ئەستێرەکانی عێراق بوو، پلەی سێیەمی خولەکەی بردەوە و ئەمساڵ بەشداریی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەب دەکات.




