رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێک لە دڵەڕاوکێ، هەواڵێکی خۆش دڵی لیۆنییل مێسی لە ناوەڕاستی رکابەرییەکانی مۆندیالدا ئارام دەکاتەوە.
لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە کاتی بەشداریکردنی لە یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت.
بەگوێرەی تۆڕی Rosario3.com کە بارەگاکەی لە زێدی مێسییە لە ئەرجەنتین، خۆرخێ مێسی، باوکی لیۆنێل، مۆڵەتی پزیشکیی بۆ دەرچوون لە نەخۆشخانە پێدرا دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەوێ مابووەوە.
رۆژنامەنووس ئانخێل دی بریتۆ، ئەم زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە خۆرخێ نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە و لە چاکبوونەوە بەردەوامە، دوای ئەوەی بارودۆخی بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەو باشتر بوون چووە.
خۆرخێ مێسی گەڕاوەتەوە بۆ شاری رۆزاریۆ بۆ ئەوەی لەژێر چاودێری خێزانەکەیدا بەردەوام بێت لە پشکنینە پزیشکییەکان.
ئەم هەواڵە دڵنیایی بەخشیوە بە کەسە نزیکەکانی کاپتنە ئەرجەنتینییەکە، کە چەند رۆژێکی پڕ لە نیگەرانیی سەبارەت بە تەندروستیی باوکی بەڕێکردبوو.
پێش چەند رۆژێک، ماڵباتی مێسی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردبووەوە بۆ رەتکردنەوەی هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە هەبوون و روونکردنەوەیان دابوو کە باری تەندروستیی بەرەو باشتر دەچێت؛ هەروەها داوای رێزگرتن و وریاییان کردبوو بەرامبەر ئەو چیرۆکە ناڕاست و هەڵبەستراوانەی بڵاودەکرانەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لیۆنێل مێسی هەردوو گۆڵی سەرکەوتنی ئەرجەنتینی لە بەرامبەر نەمسا تۆمارکرد، کە ئەو ئەنجامە سەرکەوتنی سەماکارانی تانگۆی بۆ قۆناخی 32ـی مۆندیال مسۆگەرکرد.




