رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر بەرزبووەتەوە. بەرپرسێک دەڵێت، سبەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر بە نزیکەی 950 دینارە، لەکاتێکدا رۆژێک پێش جەژن 900 بۆ 915 دینار بوو.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی جەنگ، نادڵنیایی دروستکردووە و کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین هەبووە".
لە شاری هەولێر رۆژانە بەنزینی حکومی دابەش دەکرێ، کە لیتری بە 750 دینارە، بەڵام بەهۆی جەژنەوە دوو رۆژە دابەشکردنی ئەو بەنزینە راگیراوە.
جەنگی مەجید گوتی: "ئەمڕۆ پاڵاوگەکانی سووتەمەنی دەستبەکار دەکەنەوە و سبەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێ".
نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی و هەڵەبجە لیتری 950 دینارە و هاوشێوەی هەولێرە. لە دهۆک لیتری بەنزینی نۆرماڵ 925 دینارە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر لەبارەی نرخی گازی ماڵان (LPG)یەوە گوتی: "چەند رۆژێک لیتری بە 1075 دینارە و جێگیرە".
