رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە شارى هەولێر، تۆماسۆ سانسۆنی، کۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا، پێشوازی لە هونەرمەند و نووسەر، حەمە هاشم کرد. ئەم دیدارە وەک رێزگرتنێک بوو لە هەوڵە هونەری و کولتوورییەکانی ئەو هونەرمەندە، بەتایبەت لە بواری ناساندنی هونەری ئیتاڵی بە خوێنەری کورد.
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە زمانی ستایشەوە باسی لە حەمە هاشم کرد و نازناوی "مایسترۆ و هونەرمەند"ی پێ بەخشی. کۆنسووڵخانەی ئاماژەی بەوە کرد کە کتێبە نوێیەکانی حەمە هاشم "دەستپێشخەرییەکی گرنگی کولتوورین" و رۆڵیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی میراتی هونەریی ئیتاڵیا و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردیدا.
تۆماسۆ سانسۆنی دەستخۆشی تایبەتی لەو هونەرمەندە کرد بۆ نووسینی کتێبێک لەسەر ژیان و شاکارەکانی میکێل ئانجێلۆ، پەیکەرتاش و وێنەکێشی ناوداری جیهانی.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، حەمە هاشم ناوەڕۆکی دیدارەکەی ئاشکرا کرد و گوتی، "کۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا بەهۆی نووسینی ئەو کتێبانەی کە سەبارەت بە مێژووی هونەری ئیتاڵیان، بانگهێشتی کردم. لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕامان گۆڕییەوە و بڕیارمان دا لە داهاتوودا لە رێگەی پێشانگە و فێستیڤاڵەوە، پردێکی کولتووری لە نێوان هونەری کوردی و ئیتاڵیدا دروست بکەین".
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆنسووڵی ئیتاڵیا ئامادەیی نیشانداوە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە هونەرییەکانی داهاتووی، وەک رێزێکیش حەمە هاشم کۆمەڵێک لە کتێبە نوێیەکانی خۆی پێشکەش بە کۆنسووڵخانە کرد.


