رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 07:00ی بەیانیی 4-6-2026، یەکەمین کاروانی حاجییان کە 153 حاجیی بوون گەیشتنەوە و لەلایەن پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستانەوە بە گوڵی سپی پێشوازییان لێکرا. بڕیارە ئەمڕۆ چوار گەشتی دیکەش بگەنە هەرێمی کوردستان.
حاجی عومەر حاجی شێخە، حاجییەکی نێو کاروانەکەیە ئەو باس لە کەشی گەشتەکەیان دەکات و دەڵێت: "نزامان بۆ هەمووان کرد، گەشتێکی زۆر خۆش و بە رێکوپێکی بوو، بە گیانێکی برایەتییەوە پێکەوە بووین و هیچ کێشەیەکمان نەبوو."
حاجی عومەر بە پێکەنینەوە باسی خێزانەکەی دەکات کە لەم گەشتەدا لەگەڵی نەبووە و دەڵێت: "خێزانم لەگەڵ نەبوو، بڕێک لێم تۆراوە، بەڵام نزای زۆرم بۆ کردووە."
هەمینە ئیسماعیل، حاجییەکی دیکەی نێو کاروانەکەیە و باسی ئاسانکارییەکان دەکات: "خودا لە هەموو شوێنەکان بۆی ئاسان کردین، چ لە مەککە و چ لە مەدینە و لە کاتی بەردبارانکردنی شەیتانیش." ئەو هێندە بە توندی بەردی لە شەیتان گرتووە، منداڵەکانم دەڵێن دایکمان ئاوا بەرد لە ئێمەش دەگرێت."
ئەحمەد گەنجۆ، گەنجێکی تەمەن 29 ساڵانە، ئەمساڵ هەم چووە نێو ژیانی هاوژینی و هەمیش ناوی بۆ حەج دەرچوو. ئەحمەد چیرۆکی ناونووسینەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "بە شێوازی ئەلیکترۆنی ناوم پڕکردەوە و گوتم تەوەکەل بەخوا. کاتێک ئامۆزاکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و مژدەی دەرچوونی ناوەکەمی پێدام، زۆر دڵخۆش بووم و قاتێکی جلوبەرگم وەکو دیاری بۆ کڕی."
داپیرەی ئەحمەد، حەبیبە وەسمان، کە بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانیی نەوەکەیدا بوو، دەڵێت: "هێندەم پێخۆش بوو کە ئەو نەوەیەم چوو بۆ حەج، رۆژی سێ جار تەلەفۆنم بۆ دەکرد و هەواڵیم دەپرسی، زۆر خەمی ئەوم بوو."
دوای تەواوبوونی رێکارەکان لە نێو فڕۆکەخانە، حاجییان بە پاس گواسترانەوە بۆ شوێنی چاوەڕوانیی کەسوکاریان. لەوێ دیمەنی ئامێزگرتن، ماچ و فرمێسکی شادی تێکەڵ ببوون.
ئیسماعیل شێخ محەممەد، یەکێکی دیکە بوو لە حاجییەکان، لەلایەن خزم و کەسوکارییەوە دەورە درابوو، گوتی: "زۆر دڵخۆشم کە دەبینم هەموو خزم و کەسوکارم لێرە کۆبوونەتەوە بۆ پێشوازیم."
بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعودیە. بەگوێرەی پلانەکان، تەنیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەی پێنج فڕۆکەوە، هەزار و 27 حاجی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

.png&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)