رووداو چوار رۆژە کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنانی گازی شل لە کێلگەی کۆرمۆر لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ سێ هەزار و 200 مێگاوات کەمکردووەتەوە. قرچەی گەرمایە و بێکارەبایی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە. ئەنەس زوبێر، دانیشتووی گەڕەکی 48ـی بەحرکەیە، لەسەر کەمیی کارەبا و گەرمای رۆژ قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "بەم هاوینە کارەبا نەبێت، خەڵک چۆن دەتوانن بەرگە بگرن." کاروان نووری، دانیشتووی هەمان گەڕەکە و بە رووداوی گوت: "ئێمە کارەبای 24 کاژێریمان هەبوو، بەو گازە خەڵک ئیسراحەت دەکات و موەلیدەش نامێنێت" لەگەڵ هاتنی پڕۆژەی رووناکی، شەش هەزار موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان کوژانەوە، بەڵام پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026 لەبەر کەمیی کارەبای نیشتمانی، دوو هەزار و 170 یان بەکارخرانەوە. خالید ئیسماعیل، خاوەن موەلیدەیە و سەبارەت بەکارخستنی موەلیدەکان بۆ رووداو دوا و گوتی: "ئەگەر خشتەیەک هەبێت رۆژانە شەش بۆ هەشت کاژێر یان حکومەت چەندی کورتهێنانیان هەبێت، دەتوانین بۆیان پڕ بکەینەوە، ئەگەر 24 کاژێریش کورتهێنانیان هەبێت ئێمە بە موەلیدەکانمان دەتوانین کارەبا دابین بکەین." تەنگژەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پێنج میلیۆن و 500 هەزار هاونیشتمانی تووشی کێشە کردووە. مەولوود ئەحمەد گوتەبێژی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵیت: "بریارمان داوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە هەموو موەلیدەکان کاربکەن ئەوەی تەواوی کردووە و ئەوەشی 300 کاژێرەکەی ماوە، چونکە گەرمایە و خەڵک تەحەمول ناکات. رۆژی یەکشەممە کۆدەبینەوە و بڕیاری کۆتایی بۆ دابینکردنی کارەبا دەدەین." بەکارخستنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، سەرەڕای دابینکردنی کارەبا، لە رووی ئابووری، تەندروستی و ژینگەوە، زیانێکی زۆری هەیە.
هەواڵە ناوخۆییەکان04-06-2026بەکارهێنانی پێشناوی شێخ، سەید و مەلا بۆ شوێنکار و کۆمپانیا بازرگانییەکان قەدەخە کرا