رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق، دەنگۆی بردنی مادەی هۆشبەر بۆ نێو گرتووخانەی سوسێ لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند: "لە نێو گرتووخانەی سوسێ ئەو کەسانەی لەسەر مادەی هۆشبەر گیراون و ئالوودەبوون، زۆر بە ئاسانی مادەی هۆشبەریان لە نێو گرتووخانەکەدا بەدەست دەگات."
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دادی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە و رەتیدەکەینەوە، لە ساڵانی پێشوو، پێش دەستبەکاربوونی دکتۆر خالید شوانی وەک وەزیری داد، راستە مادەی هۆشبەر دەچووە نێو گرتووخانەکان، بەڵام وەزیری داد رێکارەکانی تووند کردەوە."
موراد ساعدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئاستی چاودێری گەیشتووەتە رادەیەک "تەنانەت پاسەوانەکانیش ناتوانن مۆبایلەکانیان ببەنە ژوورەوە."
سەبارەت بە شێوازی پشکنین لەو گرتووخانەیە، موراد ساعدی رایگەیاند: "رێکارەکانی پشکنین هێندە تووندن، ئامێری زۆر پێشکەوتوومان هەیە بۆ پشکنینی جەستە، جانتا و شتومەک، کە کوالێتییان زۆر بەرزە و هاوشێوەی ئەو ئامێرانەن لە فڕۆکەخانەکاندا بەکاردێن." گوتیشی: "ئەو کەسانەشی سەردانی زیندانییەکان دەکەن، زۆر بە وریایی پشکنینیان بۆ دەکرێت و تەنانەت پێڵاوەکانیشیان دەپشکنرێن."
گرتووخانەی سوسێی فیدراڵی کە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی، سەر بە فەرمانگەی چاکسازییەکانی وەزارەتی دادی عێراقە. بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت، زیندانەکە خاوەنی رووبەرێکی سەوزایی گەورە و کتێبخانەیەکە کە 7 هەزار پەرتووکی تێدایە.
موراد ساعدی باسی لەوەش کرد، بۆ ئەوەی زیندانییان دوای تەواوکردنی ماوەکەیان بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، لە نێو چاکسازییەکەدا خولی فێربوون و چالاکییە وەرزشییە جۆراوجۆرەکانیان بۆ رێکدەخرێت.



