رووداو دیجیتاڵ
ماوەیەکە باندێکی نەناسراو لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و لاپەڕەی ساختەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ناوی بانکەکان و پڕۆژەی 'هەژماری من'ەوە پەیوەندی بە فەرمانبەرانەوە دەکەن و پارەی نێو کارتە بانکییەکانیان دەبەن. تەنیا لە چوار رۆژدا 12 مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بوونەتە ئامانجی ئەو باندە.
باندەکە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکەن کە کارتی بانکیی هەژماری من یان هەیە، بە بیانووی "چارەسەرکردنی کێشەی تەکنیکی" یان "نوێکردنەوەی زانیارییەکان"، داوای ژمارەی کارت، وێنەی پێش و پاش و ژمارەی نهێنیی (PIN) کارتەکانیان لێ دەکەن. هەر کە زانیارییەکانیان پێگەیشت، سەرجەم پارەی نێو هەژمارەکان دەبەن.
باندەکە زانیاریی وردیان لایە
د. خانزاد سەباح، مامۆستای زانکۆ کە یەکێکە لەو کەسانەی پەیوەندیی پێوە کراوە، چیرۆکەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "بە وەتسئەپ و بە ژمارەیەکی ئاسیاسێڵ (0777) پەیوەندییان پێوە کردم. گوتیان لە بانکی ناوەندییەوە تەلەفۆن دەکەین و کێشەت لە زانیارییە کەسییەکاندا هەیە و کارتەکەت وەستاوە. کاتێک گوتم نەوەستاوە، ئەو زانیاریی وردی پێگوتم، گوتی بەڵێ دوێنێ ئەوەندە مووچەت وەرگرتووە و ئەوەندە پارەشت تێدا ماوە. زۆر شتی لەسەر هەژمارەکەم دەزانی."
د. حەلاو حسێن، مامۆستایەکی دیکەی زانکۆیە و ئەویش نزیک بووە لەوەی بکەوێتە داوی باندەکەوە، دەڵێت: "داوای ژمارەی کارتەکەمی کرد، پێش ئەوەی من بیڵێم، ئەو خۆی گوتی ژمارەکە بە 63 دەستپێناکات؟ خەریک بوو ژمارەکانی دیکەی پێ بڵێم، بەڵام هاوژینەکەم رێگری لێکردم."
بانکی جیهان: داوای زانیاری لە کەس ناکەین
ئێستا زیاتر لە 217 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان تەنیا لە "بانکی جیهان" کارتەکانیان تۆمار کردووە. بەرپرسانی بانکەکە جەخت دەکەنەوە کە سیستەمەکەیان پارێزراوە و ئەوان هەرگیز بە تەلەفۆن داوای زانیاریی نهێنی ناکەن.
بۆتان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی زانیاری لە بانکی جیهان بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک تەلەفۆن بۆ کڕیارەکانمان ناکەین، بەڵکو داوای هیچ جۆرە زانیارییەکی تایبەتی و وێنەی کارتەکانیشیان لێ ناکەین."
هەژماری من: لێکۆڵینەوە دەکەین
پڕۆژەی 'هەژماری من' کە ئامانجی دیجیتاڵکردنی سیستەمی مووچەیە، ئاماژە بەوە دەکەن کە بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی کارەکانی ئەم باندە دەکەن.
ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەم حاڵەتانە لە هەموو جیهان هەن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین تەنیا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانمانەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن و زانیاری بە هیچ کەسێکی نەناسراو نەدەن."
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی 7 بانکی جیاوازەوە هاتوونەتە نێو سیستەمی 'هەژماری من' و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەکە یەک ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.


