رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر دوو کەسی بە تۆمەتی دزیکردن لەنێو مزگەوتێک و گەراجی مزگەوتی جەلیل خەیات دەستگیرکرد. گوتەبێژەکەیان دەڵێ، یەکێک لە تۆمەتبارەکان دزی لە 7 ئۆتۆمبێل کردووە و هەردوو کەسیش پێشینەی تاوانیان هەیە.
رۆژی سێشەممە، 02ـی حوزیرانی 2026، کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دوو تۆمەتبارە دانیشتووی دەرەوەی هەولێرن و تەمەنیان سەروو 40 ساڵە و بە مەبەستی کارکردن هاتوونەتە هەولێر. هەردووکیان پێشینەی تاوانیان هەیە. یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە ساڵی 2013 لەسەر دزی دەستگیرکرابوو. ئەمجارەش لەنێو مزگەوت دزییان لە هاونیشتمانییان کردووە".
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی هەولێر، تیمەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان لە چالاکییەکدا توانییان دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە لەنێو گەراجی (مزگەوتی جەلیل خەیات) و مزگەوتێکی دیکەی شاری هەولێر دزییان کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای گەیشتنی زانیاری و تۆمارکردنی سکاڵا، تیمەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد و لە ماوەیەکی کورتدا توانرا هەردوو تۆمەتبار دەستنیشان و دەستگیر بکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆمەتباری یەکەم هەستابوو بە دزیکردن لە 7 ئۆتۆمبێل لە گەراجی مزگەوتەکە، تۆمەتباری دووەم هەستابوو بە دزینی مۆبایل لەنێو مزگەوتێکی شاری هەولێر.
بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتباران راگیراون و پەڕاوی یاساییان بۆ کراوەتەوە.

