رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کارەکانی چاککردن لە یەکەکانی بەرهەمهێنان، چەند رۆژێکە پێدانی کارەبا لە ناحیەکانی شەمامک و کەورگۆسک لە سنووری پارێزگای هەولێر تووشی گرفت بووە.
هاونیشتمانیانی ناوچەکەش بەدەست بێکارەبایی لە گەرمای هاویندا دەناڵێنن و داوای دۆزینەوەی چارەسەر دەکەن.
شەمامک؛ کارەبا لە عەسرەوە تاوەکو درەنگی شەو دەبڕێت
لە ناحیەی شەمامک، سەرەڕای ئەوەی ناوچەکە خراوەتە نێو 'پرۆژەی رووناکی' و کارەبای نیشتمانیی 24 کاژێری، بەڵام چەند رۆژێکە دۆخی کارەبا باش نییە.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی پیرداود لە ناحیەی شەمامک بە رووداوی راگەیاند: "نزیکەی چوار رۆژە کارەبامان زۆر خراپە. لە گوندەکەماندا 1200 ماڵ هەن و هەموو ناحیەکە کێشەی کارەبای هەیە. رۆژ هەبووە لە کاژێر 5ی ئێوارە تاوەکو 11ی شەو بێ کارەبا بووین."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، کارەبا بە بەردەوامی و ناوە ناوە دەبڕێت و گوتی: "لەم گەرمایەدا بەبێ کارەبا ژیان ناکرێت. داواکارین ئەو کاتانەی کارەبای نیشتمانی نییە، رێگە بدرێت موەلیدە ئەهلییەکان هەڵبکرێن."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕانە، دەریا محەممەد، بەڕێوەبەری کارەبای شەمامک بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، کێشەکە گشتییە و پەیوەندی بە کارەکانی چاککردنەوە هەیە کە لە پێش جەژنەوە دەستیان پێکردووە.
بەڕێوەبەری کارەبای شەمامک گوتی: "ئاو چاککارییانەی دەکرێن، ئامادەکارییە بۆ هاوین، بەو هۆیەوە لەم دوو سێ رۆژەدا دۆخی کارەبا بە گشتی گرفتی هەبووە، نەک تەنیا لە شەمامک بەڵکو لە تەواوی هەولێر؛ بەڵام لەم یەک دوو رۆژەدا دۆخەکە باش دەبێتەوە. هیچ فیدەرێک بەقەست کارەبای کەم نادریتێ و جیاکاری نەکراوە."
کەورگۆسک؛ رۆژانە کێشەی کارەبامان هەیە
هاوکات لە ناحیەی کەورگۆسک، سێ رۆژە دۆخی کارەبا تێکچووە و هاونیشتمانیان لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 5 کاژێر کارەبایان هەیە. بەپێی زانیارییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە، رۆژانە لە نزیک کاژێر 10ی بەیانییەوە تاوەکو 5ی ئێوارە کارەبای نیشتمانی دەبڕێت.
خاوەن موەلیدەیەکی ئەهلی لە ناحیەی کەورگۆسک سەبارەت بە کارنەکردنی موەلیدەکان بە رووداوی راگەیاند: "لە گەڕەکەکانی شەهیدان، ناوبازاڕ و سورچییان، ئێمەی خاوەن موەلیدەکان ئامادەین کارەبا بۆ هاووڵاتیان هەڵبکەین، بەڵام ئیدارەی ناحیەکە رێگەمان پێنادات و دەڵێت کاتەکەتان تەواو بووە."
ئەو خاوەن موەلیدەیە هۆکاری کێشەکە بۆ سیستمی نوێی کارەبا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "تەواوی سنوورەکە کەوتووەتە نێو پڕۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری). ئێمە پێشتر گرێبەستی شەش مانگمان لەگەڵ پڕۆژەی رووناکی کردبوو، بەڵام ئەوان تەنیا پارەی دوو مانگیان دا و گرێبەستەکەیان هەڵوەشاندەوە."
رۆژی 26ـی ئایاری رابردوو، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ رادیۆی رووداو، پشتڕاستی کردەوە کە وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە هەوڵەکانی و لە کاتی ئێستادا سەرقاڵی ئەنجامدانی کاری چاککاریین لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا، بە مەبەستی جێگیرکردنی دۆخی کارەبا لەم وەرزەدا.
