رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی نێوان بەسرە و زیقار، بۆرییەکی نەوتیان بە درێژایی 500 مەتر دۆزییەوە، کە نەوتی خاوى لێوە بە قاچاخ براوە.
سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وردەکارى دۆزینەوەی ئەو بۆرییەی بڵاوکردەوە. درێژیی بۆرییەکە 500 مەتر بووە و لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو پارێزگای بەسرە و زیقار بووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە، ئەو بۆرییە لەژێر گڵدا و شاردرابووەوە و بە بۆریی سەرەکیی نەوتەوە بەستراوەتەوە بۆ ئەوەی نەوتی خاوی لێوە بە قاچاخ ببرێت.
دەزگاکە راشیگەیاندووە، لە شوێنى بۆرییەکەدا دەستیان بەسەر دوو تەنکەردا گرتووە، یەکێکیان نەوتی خاوی تێدابووە بە مەبەستی بەقاچاخبردن و ویستوویەتی هەڵبێت، بەڵام دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوی دیکەیان بەتاڵ بووە و ئامادە کراوە بۆ ئەوەی نەوتی تێ بکرێت.
