رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، داهاتەکانیان لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە یەک تریلیۆن و 462 ملیار دینار. بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکەش دەڵێت، جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" رۆڵی سەرەکی هەبووە لە زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی گەندەڵی.
دکتۆر سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داهاتی دەستەی گشتیی گومرگ لە پێنج مانگی رابردوودا گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 462 ملیار دینار، ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە."
بەگوێرەی راپۆرتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 274 ملیار دینار زیادی کردووە.
داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2024 تەنیا 700 ملیار دینار بووە، ساڵی 2023ش تەنیا نزیکەی 300 ملیار دینار بووە.
لەبارەی هۆکاری ئەم زیادبوونە گەورەیە، دکتۆر سامر قاسم داود گوتی: "جێبەجێکردنی تەواوەتی سیستمی ئەلیکترۆنیی جیهانی (ASYCUDA) لە 24 دەروازەی سنووریی فیدراڵی، بەهێزکردنی چاودێری لە دەروازە سنوورییەکان و سەپاندنی حوکمڕانییەکی تووند و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی مرۆیی و گەندەڵی دارایی، بووەتە هۆی زیادبوونی داهاتی گومرگ."
ئەسیکۆدا، شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە، بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆری کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا.
ئێستا عێراق 17 دەروازەی سنووری وشکانی و دەریایی هەیە، لەگەڵ یەکەی گومرگی لە هەر چوار فڕۆکەخانەی بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف کە سیستەمی ئەسیکۆدایان تێدا جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، لە ساڵی 2025دا کۆی داهاتی گومرگی عێراق گەیشتبووە نزیکەی 2.5 تریلیۆن دینار.



