رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش پرسی نەوت دەبێ.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە، بەڵام گوتی" لێدوان لەبارەی نێوەڕۆکەکە نادەین و چاوەڕێی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین دوای کۆبوونەوەکە".
سەرچاوەیەکی باڵاش لە حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، تاوەکو پرسی دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنان و دابینکردنی ئاسایشی کۆمپانیاکان لەگەڵی تاوتوێ بکەن".
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی نوێنەرانی 10 بۆ 11 کۆمپانیای نەوت، بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون و کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ عەلی فالح زەیدی کۆدەبنەوە."
شاندەکە چاوی بە بە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەکەوێ.
سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگترین داواکاریی کۆمپانیاکانی نەوت ئەوەیە کە "گەرەنتیی ئەوەیان پێ بدرێ ئاسایشیان پارێزراو دەبێت و وەک رابردوو هێرش ناکرێتە سەر شوێنی کارکردنیان."
هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، تەوەری دووەمی گفتوگۆکان پەیوەستە بەو رێککەوتنەی لە نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەیە، کە کۆتایی ئەم مانگە وادەکەی تەواو دەبێت. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە وردەکاریی شایستە داراییەکان و چۆنییەتی کارکردنی کۆمپانیاکان لە داهاتوودا دەکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوێنێ سێشەممە، پلانی وەزارەتی نەوتی بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردن پەسندکرد، کە بڕیارە "بە دوو قۆناخ لە دوو مانگ و نیودا هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە لە 220 هەزار بەرمیلەوە بۆ 770 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکرێ.



