رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە بڕیاری بزووتنەوەی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق) دەکات، کە تایبەتە بە دەستپێکردنی رێکارەکانی جیابوونەوە لە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی و هەبوونی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، هەیبەت حەلبووسی ستایشی هەڵوێستی بزووتنەوەی سادیقوونی کردووە و بە "بەرپرسانە" ناوی بردووە و ئاماژەی بەوە کردووە: "پابەندبوونی بزووتنەوەکە بە رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی یاسا".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر پێویستی بە پشتیوانیکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانە و گوتی: "پێویستە بڕیاری سەربازی و ئەمنی تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت و بەگوێرەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت."
هەیبەت حەلبووسی داوای یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان دەکات، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە سەروەریی خاکی عێراق.
بزووتنەوەی (عەسائیبی ئەهلی حەق) لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی نێو دەستەی حەشدی شەعبی. لیژنەکە ژمارەی چەکدار و چەکەکانیشیان تۆماردەکات.
رۆژی 2ی حوزەیرانی 2026 بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە راگەیێنراوێکدا پێکهێنانی ئەو لیژنەیەی بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ئەو بزووتنەوەیە، پێکهێنانی لیژنەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندییە لەگەڵ پێکهاتەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و جێبەجێکردنی، داوای مەرجەعیەتە.
لیژنەکەی (عەسائیبی ئەهلی حەق) لە چوار کەس پێکهاتووە و لەلایەن جەواد تڵێباوی، بەرپرس لەو بزووتنەوەیە سەرۆکایەتى دەکرێت.
عەسائیبی ئەهلی حەق سێ لیوا و 11 فەوجی لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی هەیە، کە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا جێگیرن.
