رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران پشتڕاستیکردەوە ئەمریکا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر خاڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی بەندەرعەباس لە باشووری ئەو وڵاتە و دەڵێت، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بۆردوومان کردووە، کە هێرشەکەی لێیەوە کراوە.
بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری بەندەرعەباس، ناوەندی پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران بیسترا. میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەیان رێگرییان لە کەشتییەکی بازرگانیی ئەمریکا کردووە، کە ویستوویەتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت و ناچاریان کردووە بگەڕێتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێزەکانیان لە وەڵامی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەندەرعەباس، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی کە سەرچاوەی ئەم هێرشە بووە، بەبێ ناوهێنانی بنکەکە یان ئەو وڵاتەی کە بنکەکەی لێیە.
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: "لە دوای دەستدرێژیی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای دەستدرێژیکاری ئەمریکا بۆ سەر خاڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی بەندەرعەباس کە بە مووشەک کراوە، بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا وەک سەرچاوەی هێرشەکە، لە کاتژمێر 04:50 خولەکدا کرایە ئامانج."
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت: "ئەم وەڵامە ئاگادارییەکی جیدییە تاوەکو دوژمن بزانێت، دەستدرێژییەکەی بێ وەڵام نامێنێتەوە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیدا، وەڵامەکەمان تووندتر و یەکلاکەرەوەتر دەبن و بەرپرسیارێتی و لێکەوتەکانی لە ئەستۆی دەستدرێژکارە."
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز، سەر بە سوپای پاسداران دەربارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی بەندەرعەباس نووسیویەتی: "بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، دەنگی تەقینەوەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هورموزگان و دەوروبەری تەنگەی هورموز بەهۆی تەقە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزەکانی ئەمریکا و چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەو ناوچەیە بووە."
بەپێی راپۆرتەکە، "چەند کەشتییەکی ئەمریکی هەوڵیانداوە بەبێ هاوئاهەنگیی پێشوەختە بە تەنگەی هورموزدا تێپەڕن کە رووبەڕووی کاردانەوەی دەستبەجێ و قورسی هێزە دەریاییەکانی ئێران دەبنەوە. ئێران پێشتر هۆشداری دابوو کە هەر جۆرە تێپەڕبوونێک لەم رێرەوە ئاوییە ستراتیژییە بەندە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی. ئەم کەشتیانە دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئێران، ناچار بە پاشەکشە و گەڕانەوە بوون."
فارس نیوز دەڵێت، "لە دوای ئەم رووداوەوە، ئەمریکییەکان بەرەو بنکەیەکی سەربازی تەقەیان کردووە و لە راگەیێندراوێکدا بە فەرمی دانیان بە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەماندا ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای ئەمریکا دەستبەجێ رایگەیاند کە ئەم تەقەیە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دانانێت."
بەڵام ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، کە ئاژانسێکی دیکەی سەر بە سوپای پاسدارانە زانیاریی جیاواز دەخاتەڕوو. تەسنیم لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: "چەند کاژێرێک لەمەوبەر نەوتهەڵگرێکی ئەمریکی بە کوژاندنەوەی سیستەمی رادارەکەی بەنیازی ئەوە بووە کە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، کە بە ههنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و تەقەکردن لێی، ناچار بە وەستان و گەڕانەوە کرا."
بەپێی راپۆرتی تەسنیم، لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر زەوییەکی سووتاو لە دەورووبەری بەندەرعەباس، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی نەبووە و دەنگی تەقینەوەکانیش بەهۆی ئەو هێرشەوە بووە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە نووسیویەتی، "سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانی نوێی دژی بنکەیەکی سەربازیی ئێران کردووە، کە مەترسی بوو بۆ سەر هێزەکانمان و کەشتیوانی لە تەنگەی هورموزدا."
هەروەها ئەسۆشێتد پرێسیش لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە رایگەیاندووە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە لە نزیک تەنگەی هورموز مەترسییان دروستکردبوو.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: "دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) چوار درۆنی هێرشبەری ئێرانییان خستە خوارەوە کە هەڕەشە بوون بۆ سەر تەنگەی هورمز."
ئەو بەرپرسە وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و دەڵێت: "هێزەکانی ئەمریکا هەروەها وێستگەیەکی کۆنتڕۆڵی زەوینییان لە بەندەر عەباس پێکاوە کە خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ هەڵدانی پێنجەمین درۆن."
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێکارانەی دوێنێ "پێوانەبۆکراو و تەنیا بۆ بەرگری بوون" و ئامانجیان پاراستنی ئاگربەستەکەیە لە ژێر ئەو گوشارانەی کە لە ناوچەکەدا هەن.
لە کوێتیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و سوپای وڵاتەکە رایگەیاند بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەک و ئەو دەنگانەی بیستراون لە ئەنجامی چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە بووە.
ئەم هێرشە نوێیانەی واشنتن دوای ئەوە دێن کە رۆژی دووشەممە سوپای ئەمریکا چەند پێگەیەکی موشەکی و چەند بەلەمێکی میندانانی ئێرانی لە هەمان ناوچەدا کردە ئامانج، کە ئەو کاتیش لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە وەک هەنگاوێک بۆ "بەرگری لەخۆکردن" وەسف کران.
ئەم کردارە سەربازییانە وەک تاقیکردنەوەیەکی جدی بۆ ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبینرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەبوونەتە هۆی هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی گشتگیر.
زیاتربوونی پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کاتێکدان، هەوڵەکانی پاکستان و قەتەر بۆ نێوەندگیری لە نێوان هەردوو وڵات بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکان بەردەوامە و بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، تاران و واشنتن لە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگ نزیک بوونەتەوە.
