رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دایە خاوەن کەشتییەکان هەر رێڕۆیەکی نوێی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا بەبێ هاوئاهەنگیی تاران پەسند ناکرێت و مەترسیداریشە.
سوپای پاسداران هەروەها هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری نوێی کرد لەدژی ئەو کەشتییانەی گوێ بە رێنماییەکانی نادەن.
ئەم هۆشدارییە تووندە جەخت لەسەر دەسەڵاتی تاران دەکاتەوە بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا و بەرەنگاربوونەوەی هەر تێپەڕبوونێک کە بەبێ مۆڵەتی ئەوان بێت.
بەپێی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاندووە تەنیا ئەو رێڕۆوانەی کەشتیوانی رێگەیان پێدراوە کە لەلایەن ئێرانەوە دەستنیشان کراون و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لەو بارەیەوە بە ناچاری دەزانێت.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران لەو راپۆرتەدا دەڵێت، "کەشتیوانی لە دەرەوەی ئەو رێڕۆیانە زۆر مەترسیدار و قەدەخەن، هۆشداری دەدەینە هەموو کەشتییەکان کە دووربکەونەوە لە هەر جووڵەیەک لە دەرەوەی رێڕۆیە دیاریکراوەکان."
بەپێی داتاکانی هاتووچۆی دەریایی کۆمپانیای (MarineTraffic)، ژمارەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە 93 کەشتی، کە سێ هێندەی هەفتەی رابردووە. هەرچەندە هێشتا ژمارەی تێپەڕینەکان زۆر کەمترە لە 100 کەشتی کە پێش جەنگ بە تەنگەکەدا تێدەپەڕین.
داتاکانی هاتووچۆی دەریایی کۆمپانیای (MarineTraffic) ئەوەشییان پشتڕاستی کردووەتەوە رۆژی سێشەممە 31 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە.
شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە هەر جۆرە کۆنترۆڵێکی ئێران لە درێژخایەندا کاریگەری دەکاتە سەر گواستنەوەی نەوت لەڕێگەی کەنداوەوە.


