رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرژییەکانی نێوان خۆی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بێبایەخ نیشاندا و رایگەیاند، هەردووکیان هاوڕان لەسەر ئامانجی چەککردنی حیزبوڵڵا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا. ئەمەش دوای ئەوە دێت، ترەمپ پشتڕاستیکردەوە بەهۆی بەردەوامیی جەنگی لوبنانەوە بە تووندی سەرزەنشتی نەتەنیاهووی کردووە.
رۆژی چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (CNBC)ـی ئەمریکی رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ هەمیشە لەسەر پرسە سەرەکییەکان هاوڕان و جیاوازییە تاکتیکییەکان لە نێوانیاندا بە شێوەیەکی دۆستانە چارەسەر دەکەن.
سەرزەنشتکردنە تووندەکەی ترەمپ
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ رۆژنامەی (New York Post) کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، پشتڕاستیکردەوە رۆژی دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە تووندی و بە بەکارهێنانی وشەی زبر سەرزەنشتی نەتەنیاهووی کردووە بەهۆی بەردەوامیی جەنگی لە لوبنان.
لەمبارەیەوە، رۆژنامەکە پرسیاری لە ترەمپ کرد: "تۆ پێیتگوتووە 'ئایا تۆ شێت بوویت؟ خەریکی چ دۆزەخێکیت؟ من یارمەتیم دایت لە زیندان بەدوور بیت.' ئایا ئەمە راستە؟" ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، وا بوو. من کەمێک نیگەران بووم لە شەڕی بەردەوامی ئەو لەگەڵ لوبنان. گوتم: 'بیبی، دەبێت ئەمە رابگرین."
ترەمپ دووپاتیکردەوە، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ نەتەنیاهوودا هەیە و گوتی، "پێکەوە باش کارمان کردووە، من بیبیم زۆر خۆشدەوێت."
چەککردنی حیزبوڵڵا مەرجی ئاشتییە
نەتەنیاهوو ئامادە نەبوو بچێتە نێو وردەکاریی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ترەمپ، بەڵام جەختی لەسەر ئامانجە هاوبەشەکەیان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵڵا و گوتی: "حیزبوڵڵا بریکارێکی ئێرانە کە هەموو هاوڕێ و هاووڵاتییانی لوبنانی خستووەتە ژێر هەڕەشەی چەکەوە و لوبنان وەک سەکۆیەک بەکاردەهێنێت بۆ هاویشتنی مووشەکی تیرۆریستی بۆ سەر شارەکانمان و ناردنی درۆنی بۆمبڕێژکراو دژی سڤیلەکانمان."
نەتەنیاهوو هەروەها گوتی: "بۆیە ئەگەر بمانەوێت لوبنان رزگار بکەین، ئەگەر بمانەوێت بگەینە ئاشتی لەنێوان لوبنان و ئیسرائیلدا، وەک چۆن من دەمەوێت، دەبێت حیزبوڵڵا چەک بکەین و لوبنان بێ چەک بکەین. من دەزانم ئەمە ئامانجێکە کە من و سەرۆک [ترەمپ] هاوبەشین تێیدا، و ئەوەش ئەو کارەیە کە پێویستە بیکەین."
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا پەیوەندییەکەی لەگەڵ ترەمپدا گۆڕاوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "نەخێر. ئەمە پەیوەندییەکی نایاب بووە، چونکە ئەو گەورەترین هاوڕێ بووە کە ئیسرائیل تاوەکو ئێستا لە کۆشکی سپیدا هەیبووبێت. ئەو رێزم لێدەگرێت، منیش رێزی لێدەگرم. ئێمە هەمیشە رێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانمان."
نەتەنیاهوو پەیوەندییەکەیانی بەم شێوەیە وەسفکرد: "ئێمە رێککەوتنی زۆرمان هەیە، لەسەر شتە سەرەکییەکان هاوڕاین. ئەم جیاوازییە تاکتیکیانە هەن. ئێمە هەمیشە رێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ چارەسەرکردنیان وەک هاوڕێی گەورە. دەتوانین بەیانیان رامان جیاواز بێت و تاوەکو پاشنیوەڕۆ، هەنگاوی هاوبەشمان هەبێت."



