Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. وێنە: AFP

بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. وێنە: AFP

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-06-2026

هاوکات لەگەڵ گفتوگۆدا ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە هێرشەکانیان بەردەوامن

0:00
0:00
قەبارەی دەق
بەشدار موزەفەر
بەشدار موزەفەر02-06-2026

بابەتی پەیوەندیدار

کۆمپانیایەکی سویسری: کەشتییەکمان لە ئوم قەسر کرایە ئامانج
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-06-2026

کۆمپانیایەکی سویسری: کەشتییەکمان لە ئوم قەسر کرایە ئامانج

بەحرێن گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ ئێران و عێراق قەدەخە کرد
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-06-2026

بەحرێن گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ ئێران و عێراق قەدەخە کرد

سوپای ئیسرائیل دەڵێت دوو مووشەکیان خستووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە هاوێژرابوون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-06-2026

سوپای ئیسرائیل دەڵێت دوو مووشەکیان خستووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە هاوێژرابوون


رووداو دیجیتاڵ

رۆژی سێشەممە، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆی راستەوخۆی دیپلۆماتانی لوبنانی و ئیسرائیلی لە واشنتن، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی بەردەوام بوو. 

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، حیزبوڵڵا رێگرە لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی.

ئەم پێکدادانانە دوای ئەوە دێن، رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نێوەندگیری لە رێککەوتنێکدا کردووە. باڵیۆزخانەی لوبنان لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل دەگرێتەوە و دواتر فراوانتر دەکرێ.

تاوەکو ئێستا هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی رێککەوتنەکەی ترەمپیان قبووڵ نەکردووە. مەحموود قوماتی، بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکی نووسراودا دەڵێ: "ئێمە ئاگربەستی کاتی و ناتەواو قبووڵ ناکەین؛" هۆشداری دا کە "دەبێ دووژمنی زایۆنی بزانێت هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر گەڕەکەکان، وەڵامێکی بەهێزتر و کاریگەرتری لێ دەکەوێتەوە."

دۆخی مەیدانی

ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە ئیسرائیل بۆردوومانی نزیکەی 30 شوێنی جیاوازی لە باشووری لوبنان کردووە کە هەندێکیان کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە. 

هاوکات حیزبوڵڵا بڵاویکردەوە، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری لوبنان، بەڵام هیچ هێرشێکیان بۆسەر ئیسرائیل ئەنجام نەداوە.

سوپای ئیسرائیلیش دەڵێ، دوو مووشەکیان تێکشکاندووە کە لە لوبنانەوە ئاراستە کرابوون، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیان هەبێت.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە واشنتن

شەڕ و پێکدادانەکان لە کاتێکدایە، دیپلۆماتانی ئیسرائیل و لوبنان بۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆ راستەوخۆکان لە واشنتن کۆبوونەتەوە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران گوتی: "ئیسرائیل و لوبنان دەتوانن رێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکەن. ئیسرائیل هیچ داواکارییەکی خاکی لە لوبنان نییە، بەڵکو حیزبوڵڵا رێگرە."

گوشارەکانی ترەمپ لەسەر نەتەنیاهوو

بەگوێرەی ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی پاشەکشە بکات.

وەک ماڵپەڕەکە دەڵێ، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە نەتانیاهووی گوتووە کە "شێت بووە" و بەو کارانەی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەخاتە مەترسییەوە.

دواتر یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "هاوکێشەیەکی نوێیان" بە پاڵپشتی واشنتن داناوە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر حیزبوڵڵا بەردەوام بێت لە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل، ئەوا ئەوانیش گەڕەکەکانی بەیرووت بۆردوومان دەکەن.

دۆخی مرۆیی و قوربانییەکان

لە رووی مرۆییەوە، دۆخەکە روو لە خراپییە. لە نزیک شاری سەیدا، تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی شەش ئەندامی خێزانێکیان دۆزییەوە کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدابوو. لە شاری سوور نەخۆشخانەی جەبەل عامیل دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بەهۆی بۆردوومانەوە 39 کارمەندی بریندار بوون، دووبارە دەستی بەکار کردەوە.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێ، لە 2ـی ئادارەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 3 هەزار و 468 کەس کوژراون. لە بەرامبەردا، 26 سەربازی ئیسرائیلی و بەڵێندەرێکی سڤیل کوژراون.


بەشدار موزەفەر
بەشدار موزەفەر02-06-2026