رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترهمپ لە دانوستاندنەکاندا لەگەڵ تاران زۆر پشوودرێژە و تەنیا رێککەوتنێکی "مەزن" پەسند دەکات.
هێگسەس باس لەوە دەکات کە ئەمریکا توانای تەواوی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ هەیە، ئەگەر پێویست بکات.
دۆسیەی ئێران؛ چاوەڕوانی "رێککەوتنێکی مەزن"ین
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پیت هێگسەس لە کۆڕبەندی (شانگری-لا) لە سەنگاپوور گوتی کە ترهمپ مرۆڤێکی ئارام و پشوودرێژە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی: "سەرۆک تەنیا رێککەوتنێکی زۆر باش واژۆ دەکات. ئەوە هەر رێککەوتنێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو رێککەوتنێکی زۆر مەزن دەبێت و سەرۆک لەسەر ئەمە پێداگرە."
هەڵوێست بەرانبەر چین؛ لە "هەڕەشە"وە بۆ "سەقامگیری"
سەبارەت بە چین، پیت هێگسەس ئاماژەی بە گۆڕانکارییەک لە زمانی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی کرد. دوای ئەوەی ساڵی رابردوو چینی بە "هەڕەشەیەکی نزیک" ناوبرد، ئەم ساڵ هێگسەس باسی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ترهمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد لە بەیژینگ و گوتی: "هەردوو سەرۆک رێککەوتوون کە ئەمریکا و چین پێوەندییەکی بنیاتنەر و سەقامگیر لەسەر بنەمای دادپەروەری دروست بکەن."
بەڵام هێگسەس هۆشداریشی دا کە نابێت رێگە بدرێ هیچ هێزێکی باڵادەست بە تەنیا زاڵ بێت بەسەر زەریای هێمندا، چونکە ئەوە هاوسەنگیی هێز تێکدەدات.
هێگسەس گوتی، ئەمریکا دەیەوێ دۆخی ئێستای ناوچەکە بپارێزێ کە رێگەی داوە بە گەشەیەکی بێ وێنە و دەرفەتی گەورە بۆ هەمووان.
سەبارەت بە پرسی تایوان و ئەو پاکێجە 14 ملیار دۆلارییەی چەک کە بڕیارە بەو دوورگەیە بفرۆشرێ، پیت هێگسەس گوتی: "هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێمە بەرانبەر تایوان رووی نەداوە." بەڵام هێگسەس ئاماژەی بەوە کرد کە هەر بڕیارێکی داهاتوو لەبارەی فرۆشتنی چەک بە تایوان، تەنیا لە دەستی ترهمپ خۆیدایە و گوتیشی، ترهمپ ئەم بابەتە وەک کارتێکی گوشار لە دانوستاندنەکاندا دەبینێت.
پەیام بۆ ئەورووپا؛ "هاوبەشمان دەوێ نەوەک پاشکۆ"
پیت هێگسەس رەخنەی تووندی ئاراستەی وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا کرد و گوتی، دەبێت "ئەوان لە هاوبەشە ئاسیاییەکانمانەوە فێری وانە بن". وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی: "سەردەمی ئەوە کۆتایی هات ئەمریکا پارەی بەرگریی وڵاتە دەوڵەمەندەکان بدات. ئێستا پێویستمان بە هاوبەشە، نەوەک ئەو وڵاتانەی تەنیا بمانەوێ بیانپارێزین."
وەزیری جەنگی ئەمریکا رووی دەمی کردە وڵاتانی ئەورووپا و گوتی: "کاتێک بەرژەوەندییەکانمان یەک دەگرنەوە، پێکەوە کار دەکەین. کاتێکیش جیاواز دەبن، زۆر واقیعییانە و بێ درامای سیاسی خۆمان دەگونجێنین. ئێمە بە دوای هاوپەیمانێتیدا دەگەڕێین کە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی هاوبەش بێت، نەک پشتبەستن بە ئەمریکا."
توانای سەربازی و کۆگاکانی چەکی ئەمریکا
لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەی کە دەڵێن توانای سەربازیی ئەمریکا بەهۆی جەنگەوە دابەزیوە، هێگسەس ئەو دەنگۆیانەی رەت کردنەوە و گوتی: "ئێمە لە پێگەیەکی یەکجار بەهێزداین. توانای ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ ئەگەر پێویست بکات، زۆر بەرزە. کۆگاکانی چەکمان چ لە ناوچەکە و چ لە هەموو جیهاندا، پتر لەوەی پێویستە بۆ ئەو مەبەستە گونجاون."
هێگسەس روونی کردەوە کە ئەمریکا توانیویەتی هاوسەنگییەکی زۆری "چەکە زۆر پێشکەوتووەکان" بپارێزێ، بۆیە لە دۆخێکی یەکجار باشدان و بۆ داهاتووش ئاستی بەرهەمهێنانیان باشتر دەبێت.
کۆڕبەندی (شانگری-لا) گەورەترین لووتکەی بەرگرییە لە ئاسیا کە ساڵانە بەرپرسانی باڵای سەربازی و دیپلۆماتەکانی جیهان کۆدەکاتەوە. ئەم ساڵ لووتکەکە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێکرد. ئیدارەی ترهمپ کە ئێستا بە سیاسەتی "ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکە" کار دەکات، دەیەوێ هاوپەیمانییە جیهانییەکانی دووبارە دابڕێژێتەوە و گوشار بخاتە سەر وڵاتانی دەوڵەمەند تاوەکو خۆیان تێچووی بەرگریی وڵاتەکانیان بدەن.
