رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە تووندی و بە بەکارهێنانی "قسەی نەشیاو" هێرشی کردووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو. ترەمپ دەڵێت بە نەتەنیاهووی گوتووە "شێت بوویت" و داوای لێکردووە هێرشەکانی سەر لوبنان رابگرێت تاوەکو دانوستاندنەکانی لەگەڵ تاران تێک نەچن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (New York Post) کە رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدا نا کە بە تووندی رەخنەی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتووە.
کاتێک رۆژنامەڤانەکە لێی دەپرسێت، ئایا راستە بە نەتەنیاهووت گوتووە "ئایا تۆ شێت بوویت؟ لە بەرامبەر من بێئەمەک بوویت، من یارمەتی تۆم دا نەخرێیتە زیندان،" ترەمپ لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ، وامگوت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بەردەوامیی شەڕی لوبنان نیگەرانە و بە نەتەنیاهووی گوتووە: "بیبی، دەبێت ئەمە رابگرین." ترەمپ دەترسێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت ببێتە هۆی پەککەوتنی ئەو گفتوگۆیانەی کە واشنتن لەگەڵ تاران دەستیپێکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەرەڕای ئەو گرژییە، ترەمپ باسی لەوە کردووە کە هێشتا پەیوەندییەکی "زۆر باشی" لەگەڵ نەتەنیاهوو هەیە و "زۆر خۆشی دەوێت."
بەگوێرەی ماڵپەڕی (Axios) و (ABC News)، تووڕەییەکەی ترەمپ کاتێک گەیشتووەتە لووتکە کە ئیسرائیل هەڕەشەی بۆردوومانکردنی بەیروتی کردووە، ئەوەش وایکردووە تاران دانوستاندنەکانی ئاشتی هەڵپەسێرێت. هەرچەندە میدیاکانی ئیسرائیل ئەم گێڕانەوەیە رەت دەکەنەوە، بەڵام کۆشکی سپی ئاماژە بە پۆستەکانی ترەمپ لە (Truth Social) دەکات کە تێیدا داوای لە نەتەنیاهوو کردووە هێرش نەکاتە سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە بەیروت.


.png&w=3840&q=75)
