رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هیچ سەربازێکی ئیسرائیل نەچێتە نێو شاری بەیروت. دەشڵێت، حیزبوڵڵای لوبنانی رەزامەندی نیشانداوە کە هەموو جۆرە تەقەکردنێک رابگرێت.
رۆژی دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ، زانیاری نوێی دەربارەی دۆخی لوبنان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبوو؛ هیچ سەربازێک ناچێتە نێو بەیروت و هەر هێزێکیش کە لە رێگەدا بوون بۆ ئەوێ، گەڕێندراونەتەوە."
سەبارەت بە لایەنی لوبنانی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە رێگەی چەند نوێنەرێکی "باڵاوە" پەیوەندییان بە حیزبوڵڵاوە کردووە و ئەنجامی گفتوگۆکانیش ئەرێنی بوون.
ترەمپ دەڵێت، "لەگەڵ حیزبوڵڵا گفتوگۆیەکی زۆر باشمان هەبوو، ئەوان رەزامەندییان داوە کە هەموو جۆرە تەقەکردنێک رابگرن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنەکە بە جۆرێکە کە "ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەریان و ئەوانیش (حیزبوڵڵا) هێرش ناکەنە سەر ئیسرائیل."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا گەیشتبوونە ئاستێکی مەترسیدار و سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ناوچەی )زاحیە(ـی لە باشووری بەیروت کردبوو.
ئەمڕۆ، بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرش بکاتە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت.
لە بەرامبەردا، بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداپاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر باشووری بەیرووت، داوا لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەکەن ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
