رووداو - تەندروستی
پزیشک و پسپۆڕێکی بواری زانستی خۆراک چەند رێنوێنییەک بە هاونیشتمانییان دەدات لەبارەی مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ گۆشتی قوربانی و دەڵێ، پێویستە دوای سەربڕینی ئاژەڵ، بە زوویی گۆشتەکە لەت لەت بکرێت و دابەشبکرێت، نابێت زۆر بهێڵدرێتەوە.
دکتۆر سەعید ئەحمەد، پزیشکی ڤێتێرنەری و ماستەر لە زانستی خۆراک بە رووداوی راگەیاند، هیچ گۆشتێک نابێت دووجار لەنێو بەفرگردا بیبەستێت، چونکە پێکهاتەی گۆشتەکە تێکدەچێت.
بەگوتەی ئەو پزیشکە، ئاژەڵی قوربانی نابێت پێش مانگێک لە سەربڕینی دەرمانی پێدرابێت، بەتایبەت ئەو دەرمانانەی دژە بەکتریا و مشەخۆرەکانن، چونکە پاشماوەی ئەو دەرمانانە لە جەستەیدا دەمێننەوە و بە خواردنی گۆشت و بەروبوومەکەی، دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ کە مەترسیدار و ژەهراوین.
ئەمانەی خوارەوە مەرجەکانی ئەو پزیشکەن بۆ قوربانیکردنێکی تەندروست؛
1- پێویستە ئاژەڵی قوربانی تەندروست بێت و هیچ نیشانەی نەخۆشییەکی پێوە نەبێت.
2- ئاژەڵی قوربانی نابێت پێش مانگێک لە سەربڕینی دەرمانی پێدرابێت، بەتایبەت ئەو دەرمانانەی دژە بەکتریا و مشەخۆرەکانن، چونکە پاشماوەی ئەو دەرمانانە لە جەستەیدا دەمێننەوە و بە خواردنی گۆشت و بەروبوومەکەی، دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ کە مەترسیدار و ژەهراوین.
3- ئاژەڵی قوربانی لە کوشتارگە سەربڕدرابێت، چونکە هەموو جۆرە پشکنینێکی بۆ دەکرێت.
4- باشترە مەڕ و بزن سەرببڕدرێت و هەوڵیش بدرێت نێرەکان بن، بەهیچ شێوەیەک نابێت ئاژەڵی ئاوس سەرببڕدرێت.
5- پێویستە دوای سەربڕینی ئاژەڵ، بە زوویی گۆشتەکە لەت لەت بکرێت و دابەشبکرێت، نابێت زۆر بهێڵدرێتەوە.
6- گۆشتی تازە راستەوخۆ نەخورێت و بخرێتە نێو ساردکەرەوە ئینجا بخورێت.
7- گۆشتی قوربانی نەخرێتە نێو کیسی نایلۆن و رەش، چونکە مادەی پلاستیکیی ژەهراوییان تێدایە و تێکەڵ بە گۆشتەکە دەبن.
8- باشترە بەشی کەم و بچووک لە گۆشتی قوربانی هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر بۆماوەیەکیش هەڵگیرا، ئەوا بەشی ئەوەندە بەکاربێت کە بخورێت و دووبارە نەبەستێندرتەوە لەنێو بەفرگر.
9- لە رۆژانی جەژندا پێویستە بە رێژەیەکی دیاریکراو گۆشت بخورێت و زیادەڕۆیی لە خواردنی، دەشێت کاریگەریی خراپ لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن دروستبکات و هۆکار بێت بۆ سستبوونی گورچیلە و بەرزبوونەوەی چەوریی خراپ، کۆلیستڕۆڵ و چەوریی سیانی.
