رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمان لە سعودیە، داوای کشانەوەی بەرهەمێکی شوکوڵاتەی (GODIVA Kunafah & Pistachio Milk Chocolate Bar) دەکات.
دەزگای خۆراک و دەرمان لە سعودیە رایگەیاند، هۆکاری کشانەوەی بەرهەمەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پێکهاتەکانیدا هێلکە هەیە، بەڵام لەسەر بەرچسبی خۆراکییەکەی ئاماژەی پێنەکراوە. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستەوەری لە هەندێک بەکاربەردا کە هەستیارییان بە هێلکە هەیە، بەتایبەتیش منداڵان.
دەستەکە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکە دەکات بۆ کشانەوەی بەرهەمەکە لە بازاڕەکان و راستەوخۆ چاودێریی جێبەجێکردنی رێکارەکان دەکات.
هاوکات داوا لەو کەسانە دەکرێت کە هەستەوەرییان بە هێلکە هەیە، ئەو جۆرە شوکوڵاتەیە نەخۆن.
