رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، سەبارەت بە کات، کارنامە و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، نووسراوێکی ئاراستەی پەرلەمانتارانی حیزبەکەی کرد. کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە نووسراوەکەیدا بۆ پەرلەمانتارانی جەهەپە ئاماژە بەوە دەکات، لە نێو ئەندامانی فراکسیۆنەکەدا پرسیار و دوودڵی لەبارەی کاتی کۆبوونەوەی گشتیی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان دروست بووە. کڵچدارئۆغڵو جەختی کردەوە کە هێشتا کاتی کۆبوونەوەکە لەلایەن ئەوەوە دیاری نەکراوە. سەرۆکی جەهەپە لەو نووسراوەدا دەڵێت: "دەمەوێت بزانن کاتی کۆبوونەوەی گشتیی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان هێشتا لەلایەن منەوە دیاری نەکراوە. کاتی کۆبوونەوە، کارنامە و شوێنی بەڕێوەچوونەکە لەلایەن منەوە دیاری دەکرێت و هەر کە دیاریکرا، زانیاریی پێویستتان پێ دەدرێت." ئەو هۆشداریی دا کە تاوەکو زانیارییەکان لەلایەن ئەوەوە رایدەگەیێندرێن، هیچ کۆبوونەوەیەک بەڕێوەناچێت. ئەم بڕیارەی کڵچدارئۆغڵو لە کاتێکدایە کە ئێوارەی رۆژی 21ی ئایاری 2026، فەرمانگەی 36ـەمینی دادگای هەرێمی لە ئەنقەرە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و بێکاریگەر" هەژمار کرد. ئەم بڕیارە کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رەهای تەواوی کۆنگرەکە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای خستە نێو قەیرانێکی قووڵی یاساییەوە و وا دیارە چیدیکە دۆخی ناوخۆی حیزبەکە بە ئاسانی ئاسایی نابێتەوە.