رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێرشی تووند دەکاتە سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و رایدەگەیێنێت، بوونی "سەرکردایەتیی هاوتەریب" لەنێو ئەو پارتەدا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و دیموکراسیی تورکیا؛ هۆشداریش دەدات لەوەی ململانێی نێوان کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزەل وڵات بەرەو ناسەقامگیری دەبات.
دەوڵەت باخچەلی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی (Türkgün) کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، قەیرانە ناوخۆییەکانی جەهەپەی هەڵسەنگاند و رایگەیاند، ئێستا ئەو پارتە بووەتە دوو جەمسەر؛ جەمسەرێکیان کەمال کڵچدارئۆغڵووە کە بەگوێرەی یاسا سەرۆکی گشتییە، جەمسەرەکەی دیکەش ئۆزگور ئۆزەلە کە دەیەوێت بە شێوەیەکی "دیفاکتۆ" سەرکردایەتیی پارتەکە بکات.
"سەرکردایەتیی هاوتەریب و دوو جەهەپە"
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، جەهەپە لەنێوان دوو سەرکردایەتیدا دابەش بووە، ئەوەش لە بەرنامە جیاوازەکانی هەردوو سەرکردە بۆ جەژنی قوربان و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی فراکسیۆن بەبێ رەزامەندی کڵچدارئۆغڵو رەنگی داوەتەوە. باخچەلی دەڵێت: "ئەم دۆخە تەنیا کێشەی نێوخۆیی جەهەپە نییە، بەڵکو دروستکردنی دوو ناوەندی بڕیار لە تورکیادا زیان بە سەقامگیریی سیاسی دەگەیێنێت."
هۆشداری لە تووندوتیژی و "شەقام"
باخچەلی بە تووندی رەخنەی لە لێدوانەکانی ئۆزگور ئۆزەل و گوتەبێژی جەهەپە گرت سەبارەت بە بانگەشە بۆ خۆپێشاندان و گردبوونەوە.
باخچەلی هۆشداری دا و گوتی: "بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ سەر شەقام لە ساڵیادی رووداوەکانی پارکی گەزیدا، هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی. ئەوان دەیانەوێت کێشە نێوخۆییەکانی خۆیان بگوازنەوە بۆ ناو شەقامەکان."
"پیرۆزییە نەتەوەییەکان بەکارمەهێنن"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باخچەلی رەخنەی لە ئۆزگور ئۆزەل گرت کە مەزارگەی ئەتاتورکی بۆ ململانێی حیزبی بەکارهێناوە. باخچەلی گوتی: "خوێندنەوەی وەسیەتنامەی ئەتاتورک بۆ مەرامی سیاسی، سووکایەتییە بە بەها نەتەوەییەکان و لەگەڵ ئەتەکێتی دەوڵەتداری و مێژووی جەهەپەدا ناگونجێت."
ئەگەری دروستبوونی پارتێکی نوێ
سەرۆکی مەهەپە سیناریۆیەکی نوێی بۆ داهاتووی جەهەپە خستەڕوو و رایگەیاند، ئەگەر کڵچدارئۆغڵو دەست بکات بە پاکسازیی نێوخۆیی و دوورخستنەوەی ئەوانەی تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە، ئەوا ئەگەری زۆرە تیمی "ئیمامئۆغڵو - ئۆزەل" جیا ببنەوە و پارتێکی نوێ دابمەزرێنن. باخچەلی پێشبینیش دەکات ئەو لایەنە نوێیە هاوپەیمانی لەگەڵ (ئیی پارتی و پارتی سەرکەوتن) پێکبهێنێت.
داواکارییەک لە دادگای تێهەڵچوونەوە
دەوڵەت باخچەلی داوای لە دادگای تێهەڵچوونەوە کرد بە زووترین کات بڕیاری کۆتایی لەسەر کێشەی سەرکردایەتیی جەهەپە بدات بۆ ئەوەی رێگری لە پشێوی زیاتر بگیرێت. باخچەلی جەختی کردەوە: "رێگە نادەین کێشەی ناوخۆیی هیچ پارتێک ببێتە هۆی تێکدانی 'پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر' و ئارامیی گەلەکەمان."
رۆژی 21ی ئایاری 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپەی دا و بەوەش ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتی دوورخرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی یاسایی پارتەکە گەڕایەوە.


