رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیەکی پێشووی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێ، بەر لە جەنگی 40 رۆژە هۆشداری بە عەلی شەمخانی، راوێژکاری ئەوکاتی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دابوو کە ئەگەر ئەمجارە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە، یەکێک لە ئامانجەکان کوژرانی رێبەر دەبێت، بەڵام بایەخ بە قسەکەی نەدراوە. حوسێن عەلایی، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کوژرانەکەی چاوەڕوانکراو بوو و چەندین جار هۆشداری بە بەرپرسە سەربازییەکان دابوو کە ئەو دوو وڵاتە پلانێکی لەو شێوەیان هەیە. حوسێن عەلایی ئاماژەی بە تاکتیکەکانی جەنگ کرد کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەرامبەر ئێران بەکارهێنراون و گوتی: ''پێم راگەیاندن پلانی Aی ئەمریکا جەنگی 12 رۆژە بوو. پلانی B ناڕەزاییەکانی مانگی کانوونی دووەم بوو، ئێستاش چوونەتە سەر پلانی سی". وەک ئەو فەرماندەیەی پێشووی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێ، پلانی Cـی ئەمریکا و ئیسرائیل، کوشتنی رێبەری وڵاتەکەی بوو و رایگەیاند: ''سێ رۆژ بەر لە جەنگەکە بە بەڕێز شەمخانی (راوێژکاری رێبەری ئەو کاتی ئێران)م گوت کە پلانی Cـیان ئەوەیە لە سەرەتای جەنگ لە رێبەر بدەن و تیرۆری بکەن.'' بەگوتەی حوسێن عەلایی، لەوکاتەدا عەلی شەمخانی گوێی بە قسەکەی نەداوە و گوتوویەتی: ''ئەوان ناتوانن رێبەر بدۆزنەوە و بە ئامانجی بگرن.'' 28ـی شوباتی 2026 و لە یەکەم رۆژی جەنگی 40 رۆژەدا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەش و بەرفراوانیان کردە سەر شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئەنجامدا خامنەیی و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکە کوژران.