خالید شوانی: مووچە هیچ کێشەیەکی یاسایی و سیاسیی نییە

30-06-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
ڤیدیۆکە: لێدوانی خالید شوانی لەبارەی مووچە
ڤیدیۆکە: لێدوانی خالید شوانی لەبارەی مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دادی عیراق دەڵێت، هیچ بەربەستێکی سیاسی و یاسایی لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەوەی هەیە بریتییە لە وردبینی لە لیست و ناوەکان. 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 30-06-2024) خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ناردنی "مووچەی فەرمانبەران بە هێزە ئەمنییەکانیشەوە" هیچ کێشەیەکی سیاسی یان یاسایی لەبەردەمدا نییە، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنەکان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و حکومەتی عێراق.
 
خالید شوانی گوتی، بابەتی ناردنی مووچە پەیوەندی بە وردبینی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق لە لیستەکاندا هەیە و، بە شێوەیەکی ئاسایی شایستەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی ئەو مانگەی هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.
 
سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان، وەزیری دادی عێراق گوتی ''هەندێک کێشە و تێبینی لەسەر ناو، لیست و وردبینیکردن لە رێگەی کۆدەوە هەیە، ئەوانەش هەموویان چارەسەر دەکرێن."
 
وەک خالید شوانی دەڵێت، لێکتێگەیشتنێکی بنەڕەتی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ''بۆیە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە؛ هیچ کێشەیەکی سیاسی و یاسایی [بۆ ناردنی مووچە] نییە." 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنێ (شەممە) بڵاویکردەوە "دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە،27ـی حوزەیرانی 2024، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شارستانی و سەربازییەوە ئامادەکرا و رەوانەی بەغدا کرا." 
 
پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک
 
چەند مانگێکە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنەبووەتەوە و سەرەڕای هاتنەسەر هێڵی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە پێکنەهێندراوە.
 
وەزیری دادی عێراق گوتی ''لە دوایین کۆبوونەوەی هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆکوەزیران، بڕیاردرا دوای 15 رۆژ لەو کۆبوونەوەیە، ئەگەر رێککەوتنیش نەکرێت، دەبێت یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکرێت."  
 
بەگوتەی خالید شوانی، چوار یان پێنج رۆژە سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت، ''لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە سیاسییەکان و سەرۆکی هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەندامانی ئەنجوومەنەکەش لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی رۆژی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەن."  
 
وەزیری دادی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، میکانیزمی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە کەرکووک، لەسەر بنەمای بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان، دابەشکردنی دەسەڵاتە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کارگێڕی، ئابووری، ئەمنی و سەربازییەوە کە لەنێو وەرەقەیەکی گشتگیردا رێنماییە سەرەکییەکان و هەندێک وردەکاریی پڕۆسەکە نووسراوە و دراوەتە هێزە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دەبێتە بنەمای پێکهێنانی حکومەت.
 
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا و لە 28ى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا؛ بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە و حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەروازەی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکرێتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق لە 14ـی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدیش بۆ ئەم مەبەستە لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەکرێنەوە.