ئەندامێکی لیژنەی ئابووری: بەغدا بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان 12.5 دۆلاری تەرخانکردووە

29-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان 12 دۆلار و نیوی تەرخانکردووە، کۆمپانیا نەوتییەکانیش داوای 26 دۆلار دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 28-05-2024 سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە خشتەی بودجەی 2024دا 2.7 تریلیۆن دینار بۆ تێچووی نەوتیی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و پشەسازیی دەڵێت، "بەم شێوەیە، حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 12 دۆلار و نیوی تەرخان کردووە. لە کاتێکدا کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت داوای 26 دۆلار دەکەن."
 
لە خشتەی (ب)ی بودجەی 2024دا، 2 تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ  تێچووی دەرهێنانی هەرێمی کوردستان و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان تەرخانکراوە. ئەو پارەیە خراوەتە چوارچێوەی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکاندا کە کۆی گشتیی پارەی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار دینارە.
 
عەبدولزهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق بە روودای گوت، خەرجکردنی ئەو 2 تریلیۆن و 700 ملیار دینارە مەرجدارە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و رادەستکردنی داهاتی نەوتەکەی بە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی سێشەممە 28-05-2024 رایگەیاند، لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهان، داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت دەکەن کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغدا بکرێت.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لە کۆی تەرخانکراوی بودجەی وەبەرهێنان بۆ عێراق کە زیاتر لە 55 تریلیۆن دینارە، 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، لە کاتێکدا لەو بڕە دوو تریلیۆن و 700 ملیار دیناری تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و لە بنەڕەتدا خەرجی بەگەڕخستن و سیادییە. نابێت لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و خەرجی وەبەرهێنان هەژمار بکرێت."
 
دەشڵێت، "ئەو ژمارەیە بووەتە هۆکاری گەورە دەرکەوتنی پشکی هەرێمی کوردستان و بووەتە مایەی گازندەی پارێزگاکانی دیکە."
 
خشتەی بودجەى 2024 رۆژی 21ى ئایار گەیشتە پەرلەمان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران. کەمتر لە دوو هەفتە لە بەردەم پەرلەماندایە، بۆ ئەوەى تاوتوێى خشتەى بودجەى 2024 بکات و دەنگى لەسەر بدات، بەوپێیەى لە 9ى حوزەیران پشووى پەرلەمان دەستپێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاریگەریی پێناسی گومرگیی ئەمریکا لەسەر عێراق

پێناسى گومرگیی نوێى ئەمریکا داهاتى عێراق کەمدەکاتەوە

بڕیارێک لە واشنتنەوە، مشتومڕ و لێکەوتەکانى لە بەغدا گەرم کردووە کە سەپاندنى 39%ـی پێناسى گومرگییە بەسەر هەناردەى عێراق بۆ ئەمریکا، ئەگەرچى عێراق تەنیا نەوت بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەکات کە ئەو پێناسە نایگرێتەوە، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ لەڕێگەى دابەینى نرخى نەوت، کارگەریی لەسەر داهاتەکەى دەبێت کە سەرچاوەى نزیکەى 90% پارەى بودجەکەیەتى.