رووداو دیجیتاڵ
داهاتە نانەوتییەکانی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەراورد بە هەفتەی پێشتر 54% کەمیکردووە و بۆ نزیکەی چوار ملیار دینار دابەزیوە.
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ژمارەکانی وێبسایتی شەفافیەت، کە تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەردەکەوێت لەم هەفتەیەدا داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە بە هەردوو ئیدارە سەربەخۆییەکانیانەوە چوار ملیار و 53 ملیۆن و 513 هەزار دینار بووە، کە لە رۆژانی 23 تاوەکو 29ـی ئەم مانگە بەدەستهاتوون.
لەکاتێکدا داهاتە نانەوتییەکانی هەفتەی رابردوو، واتە لە رۆژانی نێوان 16 تاوەکو 22ـی ئەم مانگە هەشت ملیار و 909 ملیار و 571 هەزار دینار بووە، بەو پێیە بەراورد بە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو، داهاتەکانی ئەم هەفتەیە 54.5% کەمیکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، کە ماوەیەکی زۆر میدیای یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پڕۆژەکەوە لە پەیجی خۆی نووسی "لە رێگەی ماڵپەری shafafiat.com ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ