رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە شەش ساڵدا مۆڵەت بە 41 پرۆژەی هێلکەی مریشک دراوە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان 55 پرۆژە هەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، رۆژانە 22 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دێت، 7000 کارتۆنی بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە، بڕەکەی دیکەش دەنێردرێت بۆ ناوچەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئابی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "55 پرۆژەی هێلکە لە کوردستان هەن، 41 پڕۆژە لەم کابینەیە مۆڵەتیان وەرگرتووە، 11 پڕۆژەش لە کابینەکانی رابردوو. ئەمەش پێشکەوتنێکی باشە.''
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش دا، "لەپێناو پارێزگاریکردن و بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی هێلکە لە دەرەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کراوە و ئەمەش لە رۆژژمێری وەزارەتدا جێگیرکراوە.''
هیوا عەلی گوتی: "لەگەڵ پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق لێکتێگەیشتنمان هەیە، هێلکەی زیادە بەشێوەیەکی رێکخراو دەنێردرێت بۆیان و بەشێک لە پێویستیی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایانە دابین دەکات."
بەگوێرەی ئەو داتایانەی رووداو لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەستی کەوتوون، بڕی هێلکە و گۆشتی مریشک لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
هێلکە:
پێویستیی رۆژانە: 2,672,000
بەرهەمهێنانی رۆژانە: 20,700,000 هێلکە
گۆشتی مریشک:
پێویستیی ساڵانە: 150,000 تۆن
بەرهەمهێنان: 280,000 تۆن
بەرهەمی زیاد لە پێویست: 130 تۆن
نووسینی هەواڵ: رۆشنا شێرزاد



