رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، شەڕی ئۆکراینا و کەمبوونەوەی لە کۆگەکان، نرخی گەنم ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد.
رۆژی سێشەممە 28ی ئایاری 2024، نرخی بوشڵێک گەنم (27 کیلۆگرام) لە بۆرسەی شیکاگۆ بۆ مادە خۆراکییەکان گەیشتە 7.7 دۆلار و 9 سەنت. واتە نرخی هەر تۆنێك گەنم لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە 262 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی گەنمە لەدوای 26ی تەممووزی ساڵی 2023.
کەشوهەوای سارد و وشک لە گەورە وڵاتانی بەرهەمهێنەری گەنم، هاوشان لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی ئۆکراینا، نیگەرانییان لەبارەی خستنەڕووی بەرهەمەکە دروستکردووە.
شارەزایان پێشبینی دەکەن بەرهەمهێنانی گەنم لە رووسیا کەم ببێتەوە. ئۆکرایناش تووشی گەرمترین ئایاری مێژوو بووەتەوە.
ساڵانەش لەم وەرزەی ئێستادا باران لە رۆژئاوای ئوسترالیا کەم دەبێتەوە، ئەوەش نیگەرانییەکانی زیاد کردووە.
هەرسێ وڵات گەورە بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری گەنمن لەسەر ئاستی جیهاندا.
ترس لە کەمبوونەوەی گەنمی کۆگاکراویش، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی گەنمە.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا پێشبینی دەکات لە وەرزی داهاتوودا گەنمی کۆگاکراو لە جیهاندا بۆ نزمترین ئاستی نۆ مانگ کەم ببێتەوە.
SovEcon [سۆڤئێکۆن] کە دامەزراوەیەکی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە بازرگانیی دەریای رەش دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ لە رووسیا 82 ملیۆن و 100 هەزار تۆن گەنم دروێنە بکرێت. پێشتر پێشبینیی 85 ملیۆن و 700 هەزار تۆنی کردبوو.
لە 22ی ئایاری ساڵی 2022دا و بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە، نرخی تۆنێک گەنم گەیشتە 405 دۆلار. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخەکەی بوو لە مێژوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ