وەزارەتی نەوتی عێراق: بە پەرۆشین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان

28-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق، سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بانگهێشت دەکات و دەڵێت، دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی سێشەممە، 28-05-2024، رایگەیاند، لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهان، داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت دەکەن کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغدا بکرێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) داوای کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
 
ئەپیکور رۆژی سێشەممە، 28-5-2024، رایگەیاند، چاوی بەو راپۆرتانە کەوتووە کە باس لەوە دەکەن کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، نەرمی نانوێنن و بەو پێیەش هۆکاری دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانن لە رێگەی بۆریی عێراق –تورکیا.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە 8 کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، ئەو راپۆرتانە بە ناڕاست دەزانێت و دەڵێت "بە چەشنێک باسی ئەو بابەتە دەکرێت وەک ئەوەی ئێستا دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان هەبێت و لە دانوستاندنەکانیشدا کۆمپانیا نەوتییەکان نەرمی نانوێنن."
 
ئەپیکور جەخت دەکاتەوە لەوەی هیچ دانوستاندنێک لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نییە و، دوایین دانوستاندنیان لە رۆژانی 7 تاوەکو 9ـی مانگی یەکی ئەم ساڵ بووە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان جەخت گوتی؛ ئامادەیە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەنەوە بە مەرجێک رێککەوتنێک بکرێت بۆ ئەوەی مافە داراییەکانیان لەبری هەناردەکردنی نەوت لە رابردوودا، بدرێتەوە و بۆ داهاتووش گەرەنتی بکرێت، بەو مەرجەی بازرگانییەکانی نێو گرێبەستەکانیان پارێزراو بێت.
 
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور لەو بارەیەوە رایگەیاند "کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور پێیانوایە؛ باشترین رێگە بۆ دۆزینەوە چارەسەر کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە."
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی وەزاریی عێراق، بەتایبەتی وەزارەتی نەوت، هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان خستە ئەستۆی کۆمپانیا نەوتییەکان.
 
رێکخراوی ئەپیکور لە دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداری 2023، پێکهات. بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئەپیکور ئێستا رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن و لە بازاڕی ناوخۆدا دەیفرۆشنە پاڵاوگە نەوتییەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.