داواکاریی سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەهای دیناری دابەزاند

28-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی راگەیێندراوێکی موقتەدا سەدرەوە، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی. لە هەولێر 100 دۆلار گەیشتەوە نزیکەی 145 هەزار دینار.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 600 دینار بووە. بە گوتەی ئەو ئاڵوگۆڕکارە، لە بەیانیی ئەمڕۆدا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 350 دینار بووە.
 
وەکو رەوەز میرزا دەڵێت، "داواکارییەکەی سەدر بە دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا و داخستنی باڵیۆزخانەکە، جۆرێک ترسی لە بازاڕدا دروستکردووە. ئەمە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە بەرامبەر دۆلار."
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "داواکارییەکەم دووبارە دەکەمەوە بۆ دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و داخستنی باڵیۆزخانەکە بە رێگە دیپلۆماسییە کارپێکراوەکان، بەبێ رشتنی خوێن، بۆ ئەوەی رەوشت و ئاشتیخوازیمان لەبەرامبەر تیرۆر و خراپەکارییان نیشانبدەین."
 
وەکو رەوەز میرزا پێیوایە، ئەگەر ئەو راگەیێندراوەی سەدر نەبووایە، پێشبینی دەکرا بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی 144 هەزار دینار دابەزێت.
 
لە هەولێریش بە هەمان هۆکار بەهای دینار دابەزی. حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەیانی لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 144 هەزار و 550 دینار بووە. ئێوارەش لە کاتی داخستندا بە 144 هەزار و 700 دینار بووە.
 
بە گوتەی حاجی سابیر، پێش کاتی داخستن، بەهای 100 دۆلار گەیشتبووە 144 هەزار و 900 دیناریش.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە دوای زیاتر لە مانگێک، بەهای 100 دۆلار لە هەولێر و سلێمانی بۆ خوار 145 هەزار دینار دابەزی.
 
زۆریی حەواڵە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بووە.
 
بۆ حەواڵەکردن، دەبێت بازرگانان دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمبێت و خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە