TBI بۆ رووداو: رۆژانە 30 کەس لە هەرێمی کوردستان دەتوانن دۆلار بەنرخی فەرمی وەربگرن

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە بانکی تی بی ئای دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 30 کەس دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی وەربگرن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دیاریکردنی ئەو ژمارەیەی گەشتیارەکان لە هەرێمی کوردستان کە رۆژانە دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی 1320 دینار وەربگرن، لەدەست بانکی ناوەندیدایە و ئەوان بەگوێرەی پێوەری خۆیان دیارییان کردووە، ئێمە تەنیا جێبەجێکاری بڕیارەکانین."
 
ئەو سەرچاوەیەی بانکەکە گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 30 گەشتیار دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن، کە بۆ هەولێر 15 کەس و سلێمانییش 15 دەبێت، ئەوەش دەکرێت بڵێین رێژەیەکی باش و گونجاوە، چونکە بەغدا لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی سەروو 10 ملیۆن کەسە، رۆژانە تەنیا 50 گەشتیاری پارێزگاکە دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەی بەغدا وەربگرن."
 
ئەمڕۆ بانکی تی بی ئای، بە فەرمیی کردنەوەی دەروازەکانی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بانکەکە، گەشتیار دەبێت تیکت، ڤیزا، کارتی زانیاری و نیشتمانیی پێشکێش بکات لەگەڵ بڕی سێ ملیۆن و 960 دینار، ئەمە جگە لە 250 هەزار دینار کە وەک کرێی بانکی و پسووڵە لێی وەردەگیرێت، دواتر گەشتیار سێ هەزار دۆلار لە فڕۆکەخانە وەردەگرێت.
 
بانکی بازرگانیی عێراقی جەخت لەوە دەکاتەوە، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەروازەکانیان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە درێژایی هەفتە و 24 کاژێر پێشوازی لە گەشتیاران دەکات. 
 
دیارترین مەرجەکانی پێدانی دۆلار لەلایەن TBI:
 
- سەردانیکردنی یەکێک لە لقەکانی TBI.
- پێویستە کەسەکە گەشتیار بێت و 18 ساڵی تەواو کردبێت.
- وڵاتینامەی عێراقی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تیکتی فڕۆکەی پێبێت.
- تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانە گەشت دەکەن.
- نابێت گەشتیار گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتانە بێت کە لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان، لەوانە ئێران، رووسیا، سووریا و لوبنان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە