نەوتی برێنت بە کەمتر لە 85 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

27-06-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی.
 
بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، نیگەرانی دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە ستراتیژییە.
 
رۆژی پێنجشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 32 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی چوارشەممە بەڕێژەیەکی کەم بەرزبوونەوە.
 
سیوشی یۆنۆ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێن ئێل ئای رێسێرچ) رایگەیاند، "زیادبوونی چاوەڕواننەکراوی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە لە کەمیی خواست."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "سەرەڕای دابەزینی نرخەکانی نەوت، ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل، مەترسی بۆ پچڕانی گواستنەوەی نەوت دروستکردووە."
 
کارگێڕیی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە هەفتەی رابردوو 3.6 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە. لە کاتێکدا بەپێی راپرسییەک، پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 2.9 ملیۆن بەرمیل کەمبکات.
 
هاوکات قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بەبڕی 2.7 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکات.
 
سیوشی یۆنۆ دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی کە وەرزی گەشتیاری دەستیپێکردووە، قەبارەی سووتەمەنی و نەوتی خاو لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە و ئەوەش بازرگانانی نیگەران کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە