رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، 27-5-2022 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە و هەر بەرمیلێک برێنت بە سەرووی 117 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی زێڕیش بەرزبووەتەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1851 دۆلارە.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری رێککەوتنی وڵاتە ئەوروپییەکانە لەسەر قەدەخەی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا.
جگە لە هەنگاریا، کۆی 26 وڵاتی دیکەی ئەوروپی رێککەوتوون لەسەر قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە و گفتوگۆکانی بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هەنگاریاش بەردەوامە بۆ رازیکردنی وڵاتەکە.
هەنگارییا داوا دەکات بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو رێگەی پێبدرێت بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی نەوتی رووسیا و هەروەها داوای 800 ملیۆن دۆلار یارمەتیی دارایی لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات تاوەکو ژێرخانی هاوردەکردنی نەوتی خۆی بەهێز بکات بۆ ئەوەی بتوانێت لە رێگەی سەرچاوەی دیکەوە نەوت هاوردەبکات.
ڤیڤیک زار، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمێرز بانک لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گەورەترین پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەگەری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیایە لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکانەوە."
بانکی ئەی ئێن زێد (ANZ)ـیش رایگەیاندووە، تەنانەت بەر لەوەی رێککەوتن لەسەر قەدەخەی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا بکرێت، قەبارەی هەناردەکردنی نەوت رووسیا بۆ وڵاتانی وەک هۆڵەندا و فەرەنسا کەمیکردووە و نزیکبووەتەوە لە سفر.
جگە لەو هۆکارە، هەروەها پێشبینی بۆ کەمبوونەوەی یەدەکی نەوتی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەگەری بەردەوامیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان نرخەکان بەمشێوەیە مامەڵەیان پێوەکرا:
- نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 117 دۆلار و 55 سەنتە.
- نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 114 دۆلار و 20 سەنتە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 1851 دۆلارە
بەیانیی ئەمڕۆ نرخی زێڕ کەمێک بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک زیاتر لە چوار دۆلار چووەتە سەر نرخەکەی. بەردەوامیی دابەزینی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەوی نرخی زێڕ.
جێفری هالی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند،" هێشتا بە تەواوەتی روون نییە کە ئایا بەهای زێڕ ئاراستەکەی بەرەو بەرزبوونەوە لە ماوەیەکی مامناوەندیدا گۆڕی بێت. ئەگەری هەیە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ تەنیا لەبەر دابەزینی بەهای دۆلار بێت."
ئەو شرۆڤەکارە ئەوەشی گوت کە بەهۆی ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا پێشبینی ناکرێت نرخەکانی زێڕ بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان بەمشێوەیە:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 325 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.07 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.265 GBP/USD
دۆلار - یەن 126.851 USD/JPY
دۆلار - لیرە 16.37 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 450 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 65.02 روبڵی رووسی



.jpg&w=3840&q=75)