کۆرۆنا زیانی زیاتر لە نیو ملیار دۆلاری لە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان داوە

26-12-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن گەشتیاری هەرێمی کوردستان کۆرۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاهەنگەکانی سەری ساڵی قەدەخەکرد، زیانی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 2020 دا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بووە. گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند، "قەدەخەی گەشتکردنی هاووڵاتیان بۆ وڵاتانی دەرەوە بەهۆی کۆرۆنای گۆڕاو و راگرتنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ زیانی کەرتی گەشتوگوزار زیاتر دەکات."
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەخەی گەشتکردنی هاووڵاتیانی بۆ 9 وڵات راگەیاندووە. سنوورداکردنی چالاکییەکانی چێشتخانەکان، هۆتێلەکان و شوێنە گەشتیارییەکان لە سەری ساڵی نوێی زاینی زیانەکانی کەرتی گەشتوگوزار و گەشتیاریی لە 2020 زیاتر دەکات.
 
نادر رووستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو مانگی 8ی ئەمساڵ زیانی کەرتی گەشتیاری نزیکەی نیو ملیار دۆلاربوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە 21-08-2020 جموجۆڵی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان بووژایەوە زیانەکان کەمتربوونەوە. لەدوای مانگی هەشتەوە هیچ داتایەکی وامان نییە کە زیانەکانی کەرتی گەشتوگوزاری بزانین.
 
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات " لە دوای مانگی هەشتی ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ رۆژانە سێ تاوەکو پێنج هەزار گەشتیار لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دیکەوە دەهاتنە هەرێمی کوردستان بەمەش کەرتی گەشتیاری بەراورد بە سەرەتای ساڵ زیاتر بووژابوویەوە." 
 
ئەمساڵ زیانەکانی کەرتی گەشتوگوزار بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆرتربوون و گەشتیار کەمتربوون. ئەگەر تاوەکو مانگی هەشت نیو ملیۆن دۆلار زیانی کەرتی گەشتوگوزار بووبێت، ئێستا زیانەکان بۆ زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە. گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاماژە بەوەش دەدات کە "ساڵی رابردوو سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ رێژەی هاتنی گەشتیاران زۆر کەمتربوو بەراورد بە ساڵی رابردوو. ئەمەش پێمان دەڵێت کە داهات و زیانی گەشتوگوزار ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر بووە."
 
سەبارەت بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵابوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو قەدەخەی گەشتکردنی لەگەڵ 9 وڵات راگەیاندبووە، نادر رووستی گوتیشی "بێگومان ئەوەش کاریگەریی خراپی دەبێت لە سەر کەرتی گەشتیاری و ئێستا ئەو کاریگەرییە خراپە دەرکەوتووە، سەری ساڵیش لەبەرئەوەی هیچ ئاهەنگێک ناکرێت ئەمەش گەشتیاری وەستاندووە."
 
"یەکەم زەرەرمەندی کۆرۆنا کەرتی گەشتیارییە"
 
شوکر عەزیز شێخ، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی ميوانخانه و چێشتخانەکان بەشداریی بوڵتنی هەواڵە ئابوورییەکانی کاژێر 05:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکەشی دەکات و گوتی "تاوەکو رۆژی 23 و 24ی ئەم مانگە هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ شوێنەکان نەهاتبوو کە بۆ سەری ساڵ ئاهەنگ نەگێڕن، بەڵام دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردا کە ئاهەنگەکان قەدەخە بکرێت. ئێمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامییەتی ناوەندی هەولێر ئاگاداری شوێنەکان دەبین و زیاتر بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیانە."
 
جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی ميوانخانه و چێشتخانەکان ئاماژە بەوە دەدات، بەهۆی ئەو بڕیارانەوە زەرەرێکی زۆر لە کەرتی گەشتیاری دەدات، بەڵام ئەمە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانە. دەشڵێت "ئەو بڕیارانە هیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا ناکرێت و یەکەم زەرەرمەندی کۆرۆناش کەرتی گەشتیارییە ."
 
سەبارەت بە سزاکانیش، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی ميوانخانه و چێشتخانەکان ئاماژە بەوە دەدات، کە "هەر کەسێک پابەند نەبێت 5 ملیۆن دینار بۆ 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێن و شوێنەکانیش بۆ ماوەی مانگێک دادەخرێن." 
 
بەگوتەی شوکر عەزیز، لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا " زەرەرێکی زۆر بەر کەرتی گەشتوگوزار کەوتووە" لە شاری هەولێریش 381 هۆتێل و مۆتێل، 42 گوندی گەشتیاریی و 341 رێستۆرانتی گەشتیاریی هەیە. لە دهۆک و سلێمانیش بەهەمان شێوە شوێنی گەشتیاریمان زۆرە. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی ميوانخانه و چێشتخانەکان گوتی "لە مانگی سێ بۆ مانگی هەشت هەموو هۆتێلەکان داخران، دواتر بەپێی رێنماییەکان چەند شوێنێک کرانەوە."
 
بەشێک لە تەلەڤزیۆن و سۆشیال میدیا ریکلام بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دەکەن، شوکر عەزیز دەڵێت " ئەوانەی ریکلام بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ دەکەن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و ناتوانن سەری ساڵ ئاهەنگبگێڕن. بۆیە داوایان لێدەکەم کە ئەو ریکلامانە رابگرن، چونکە رێگەیان پێنادرێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاندێکی ژووری بازرگانیی باکووری کوردستان و تورکیا لەکاتی سەردانیان بۆلای ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە

شاندێکی بازرگانانی باکووری کوردستان و تورکیا بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییان کرد. شاندەکە لە نوێنەرانی نزیکەی 20 کۆمپانیا پێکهاتووە