ئۆپێک: نەوت تاوەکو ساڵی 2045 پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر لە 11 تریلیۆن دۆلارە

26-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری رێکخراوی ئۆپێک دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2045 تەنیا گەڕان بەدوای نەوت و بەرهەمهێنانی پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر لە 11 تریلیۆن دۆلارە. ئاماژە بەوەش دەکات، هاوکاریی ئەندامانی ئۆپێک دەکەن لە کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن.
 
رۆژی سێشەممە 26-03-2024 هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت - ئۆپێک رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، تاوەکو ساڵی 2045، وەبەرهێنان بۆ گەڕان بەدوای نەوت و بەرهەمهێنانی، پێویستی بە 11 تریلیۆن و 100 ملیار دۆلارە.
 
هەیسەم قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی ئیماراتی کرد و رایگەیاند، زیادبوونی وەبەرهێنان لە سێکتەری نەوت لەژێر رۆشنایی زیادبوونی خواستی جیهان لەسەر وزە دێت.
 
هەیسەم غەیس دەڵێت، جگە لە بەرهەمهێنان و گەڕان، دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت تاوەکو ساڵی 2045 پێویستی بە تریلیۆنێک و 200 ملیار دۆلار و پاڵاوتنیشی پێویستی بە تریلیۆنێک و 700 ملیار دۆلارە.
 
ئەمینداری گشتیی ئۆپێک دەشڵێت، "وەبەرهێنانی زیاتر لە سێكتەری نەوت هاوکار دەبێت لە پەرەپێدانی بەردەوامیی سێکتەری وزەی جیهان، زامنکردنی سەرچاوەی پێویست و بڕواپێکراو بۆ تەواوی جیهان و دەستەبەرکردنی سەرچاوەی وزە بۆ نەوەکانی داهاتوو."
 
هەیسەم غەیس تیشک دەخاتە سەر گرنگیی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی. هەروەها جەخت لە رۆڵی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لە چارەسەرکردنی پرسە جیهانییە گرنگەکانی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا دەکاتەوە.
 
ئەمینداری رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت گوتیشی، ئۆپێک چالاکانە بەشدار دەبێت لە گفتوگۆکانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا.
 
کەسی یەکەمی ئۆپێک دەشڵێت، رێکخراوەکەی ئاسانکاری دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و پشتیوانیی ئەندامانی دەکات لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانیان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان و پەیڕەوکردنی رێوشوێنی ژینگەدۆستی لە سێکتەری نەوت و وزە.
 
هەیسەم غەیس باسی لەوەش کرد، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک بەردەوام دەستپێشخەری رادەگەیێنن و جێبەجێی دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەردانی گازە ژەهراوییەکان؛ گوتیشی، "ئەم هەوڵانە بریتین لە پڕۆژەی داهێنەرانە کە سەرچاوە سرووشتییە جۆراوجۆرەکان و شارەزایی تایبەت بە کەرتەکان بەکاردهێنن بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیاکانی وەک کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە