هێرشی چەکدارانی داعش نرخی بلیتی فڕۆکەی بەرزکردووەتەوە

25-08-2014
ئارام کاکەخان
فرۆکەخانەی هەولێر
فرۆکەخانەی هەولێر
نیشانەکردن گەشتی فڕۆکەوانی
A+ A-
رووداو - هەولێر

هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان ، بووە هۆکاری ئەوەی کە بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی باشووری کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بوەستێت بەشێوەیەکی کاتی، بەو هۆیەشەوە نرخی بلیتی فڕۆکە بەرزبووەتەوە و گەشتیاران ناچارن بەم نرخە زۆرەوە، گەشتەکانیان ئەنجامبدەن.

بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر بەشێک لەناوچەکانی عێراق و باشووری کوردستان، چەند هێڵێکی ئاسمانی گەشتیان بۆ باشووری کوردستان راگرتووە و فڕۆکەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی نانێرن، ئەمەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی فڕۆکە، ئەگەر وڵاتی چین بە نموونە وەربگرین، کە پێشتر بەشێوەی ترانزێت لە رێگەی چەند هێڵێکەوە گەشتی بۆ دەکرا و نرخی گەشتەکان گونجاو بوو، بەڵام ئێستا ئەم رکابەرییەی نرخ لەنێوان کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان نەماوەو تەنیا یەک هێڵ هەیە ئەویش نرخی بەرزکردووەتەوە و گەشتیارانیش بەناچاری گەشتی لێوە دەکەن.

لەگەڵ راگرتنی بەشێکی هێڵەکانی فڕۆکەوانی، ئێستا بەشێک لە وڵاتانیش ڤیزا بە هاونیشتیمانیانی باشووری کوردستان نادەن، یاخود دەبێت چەند مانگێک چاوەڕێ بکەن،بەتایبەت وڵاتی ئیمارات کە پەیوەندییەکی پتەوی بازرگانی لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە و فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە بەشێک لە گەشتە ترانزێتە بازرگانییەکانی لێوە دەکرا بۆ چین و تایلاند و مالیزیا و چەند وڵاتێکی دیکە.

چەند وڵاتێکیش لەسەرەتای هێرشەکانی داعش هێڵەکانی فڕۆکەوانییان بۆ باشووری کوردستان راگرتبوو، بەڵام دواتر گەشتەکانیان ئاسایی کردەوە، بەبڕوای بەشێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیش، کاتێک وڵاتان بۆیان دەردەکەوێت باشووری کوردستان هەڕەشەی لەسەر نییە گەشتەکانیان ئاسایی دەکەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە