رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (بی وای دی)ـی چینی کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، لە ساڵی رابردوودا داهاتی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بووە، بەمەش توانیویێتی بەسەر کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی بازبدات.
کۆمپانیا چینییەکە (BYD) توانیویێتی لە چەند ساڵی رابردوودا بازاڕی نێودەوڵەتیی خۆی گەورەبکات و ببێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەسەر ئاستی جیهان.
داهاتی ساڵی رابردووی کۆمپانیا چینییەکە 107.2 ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا داهاتی هەمان ماوەی کۆمپانیای تێسلا 97.7 ملیار دۆلار بووە.
داهاتەکانی کۆمپانیای بی وای دی لە ساڵی 2024 بەراورد بە 2023، بەڕێژەی 29٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەهای پشکی کۆمپانیاکە بەهۆی داهاتی باش و پێشکێشکردنی تەکنۆلۆجیای نوێی بارگاویکردن، گەیشتووەتەوە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیاکە.
کۆمپانیای (بی وای دی) تەکنۆلۆجیایەکی بارگاویکردنی نوێی خستووەتەڕوو کە تەنیا لە ماوەی 5 خولەک، دەتوانێت باتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بارگاوی بکات بەچەشنێک بەشی لێخوڕینی 470 کیلۆمەتر بکات.
ساڵی 2024، کۆمپانیای تێسلا 1.7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمهێنا، لەبەرامبەردا BYD لەو ساڵەدا 4.2 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبێریدی بەرهەمهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ