نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 3010 دۆلار دابەزی

25-03-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە دابەزی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەو پێناسە گومرکییانەی کە پێشتر بڕیاری لەسەر داوە، هەموویان لە رۆژی 2ـی مانگی داهاتووەوە، ناچنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە ریژەی 0.1٪ دابەزی و بە 3010 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە 3015 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ییپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "نرخی زێڕ ئەم چەند رۆژە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لەبەر کەمبوونەوەی ئاستی ئەو نادڵنیاییانەی کە پێناسە گومرکییەکان دروستیکردوون."
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پێناسی سەر ئۆتۆمبێل جێبەجێدەکرێت، بەڵام هەندێ لەو پێناسە گومرکییانەی کە پێشتر بڕیاریدابوو لە 2ـی مانگی داهاتوو جێبەجێ بکرێن، دوادەخرێن و هەندێ وڵاتیش دەبەخشرێن."
 
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، "دابەزینی نرخی زێڕ سنووردار دەبێت لەبەر ئەوەی بازرگانان چاوەڕێی روونکردنەوەی زیاترن لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ."
 
شرۆڤەکارەکەی کۆمپانیای IG هێشتا ئاراستەی نرخی زێڕ لە مامناوەند و درێژخایەندا بە ئاراستەی بەرزبوونەوە پێناسە دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە، رافایل بۆستیک، سەرۆکی لقی ئاتلانتیکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە کە هەڵاوسان بەو شێوازە کەم نەبووەتەوە کە بەدڵی بانکەکە بێت و لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەنیا جارێکی دیکە و بە رێژەی تەنیا 0.25٪ لە سوودی بانکی کەمبکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە