200 هەزار کەس لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمارکراون

25-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 200 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" کە تایبەتە بە ئەلیکترۆنیکردنی وەرگرتنی مووچە بەشداریان کردووە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئومێد دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یەک ملیۆن هاونیشتمانی دەستیان بە خزمەتگوزاریی بانکی بگات.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەی "هەژماری من"، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، "تۆمارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە. تاوەکو ئێستا 200 هەزار کەس تۆمارکراون. 23 هەزار کارتی بانکی وەرگیراونەتەوە و 36 ئامێری پارەراکێشانیش دانراون."
 
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی 2024 یەک ملیۆن هاووڵاتیی کوردستان دەستیان بە خزمەتگوزاریی بانکی بگات. بەڵێنەکانمان بەجێ دەگەیێنین."
 
دوێنێ چوارشەممە، 24ی کانوونی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی لە پۆستێکدا لە ئینێكس گوتی، "تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان لە کەمتر لە 5٪ـەوە دەگاتە 35٪"؛ گوتیشی، "هەربۆیە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) کە بەشێکی گرنگی پڕۆژەکەن، ژمارەیان نزیکەی دوو هێندە بووە، ئەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ بانکە تایبەتەکان."
 
شوباتی 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە