رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە رووداوی گوت: "بەهۆی نەبوونی نەختینە (سیولە) خەرجکردنی مووچە دواکەوتووە و وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی چارەسەرکردنین."
رۆژی دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا ـی راگەیاند: نەبوونی نەختینە هۆکاری دواکەوتنی مووچەیە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد کە "بڕیار دراوە بەزووترین کات و پێش جەژن ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت."
"تاوەکو ئەم ساتە هیچ کێشەیەک لەسەر لیست، داهات و (میزان موراجەعە) دروست نەبووە، بڕیارەکە وایە هەر گرفتێکیش لەو پرسانە هەبێت ناهێڵن ببێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و دەیهێڵنەوە بۆ دوای جەژن بۆ چارەسەرکردنی." سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وای گوت.
هەرچەند رۆژی 23 ئەم مانگە تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی کۆتایدایە.
پاش گەڕانەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە جنێف لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە بەردەست و خەرجکردنەکە لەسەر واژۆی ئەو مابوو.
دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە تێمێکیان لەگەڵ فەرمانگەی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە قۆناخی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانن.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی ئادار ـەوە دڵنیایی دا کە "لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی سێ دەنێردێت و راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، پێش جەژن هەموو فەرمانبەران مووچە وەردەگرن."
12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا. بەمشێوەیە لەم مانگەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوو مووچە وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ