رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بۆ خوار 148 هەزار دینار دابەزی. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر هەیە زیاتریش دابەزێت.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-3-2024) حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەهای دینار بەرزبووەتەوە و لەکاتی داخستنی بازاڕدا لە هەولێر 100 دۆلار بەرامبەر 147 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 148 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
وەک ئەو گوتەبێژە دەڵێت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا، دینار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 147 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
بەو پێیە، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لە هەولێر هەزار دینار و لە سلێمانیش هەزار و 150 دینار دابەزیوە.
رۆژی هەینی 22-3-2024، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
وەک کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن.
حاجی سابیر دەڵێت، ئەم سەردانەی سوودانی بۆ ئەمریکا، گەشبینی لە بازاڕ زیادکردووە بەوەی ئەمریکا پشتیوانیی عێراق دەکات؛ دەشڵێت، ئەگەر هیچی لەناکاو روونەدات، پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکەن و رەنگە بە تێپەڕبوونی کات، نرخی 100 دۆلار تاوەکو 146 بۆ 145 هەزار دیناریش دابەزێت.
هەروەها جەبار گۆران دەڵێت، هەموو سەرنجەکان لەسەر سەردانەکەی سوودانییە و سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە پرسەکان دۆخی دارایی عێراق و دۆلار دەبێت، ئەگەر پێشڤەچوون هەبێت، سەرجەم تەوەرەکانی دیکەش لە بەرژەوەندیی دیناری عێراقی دەبن، لەوانە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەرەوپێشچوونی سیستمی بانکیی عێراق و سەربەخۆیی کەرتی وزە.
وەک جەبار گۆران دەڵێت، ئێستا لە عێراق دوو بانک بە سیستمی سویفتی جیهانی بەستراونەتەوە و حەواڵەیان بە سیستمی جیهانی پێوە دەکرێت، بەڵام دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی سوودانی و بایدن، گفتوگۆ لەبارەی بەستنەوەی بانکی زیاتری عێراقی بەو سیستمەوە بکرێت.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە گوتیشی، "ئەگەر گفتوگۆکان هەموو بە ئاراستەی پێشڤەچوون بن، رەنگە بەهای دینار زیاتر بەرزبێتەوە و 100 دۆلار تاوەکو ئاستی نزیکەی 140 هەزار دیناریش دابەزێت."
بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی دۆلاری بە کاش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 245 ملیۆن و 545 هەزار و 947 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 7 ملیۆن و 818 هەزار و 920 دۆلاری بەشێوەی کاش و 237 ملیۆن و 727 هەزار و 27 دۆلاریشی بە حەواڵە بووە.
دوێنێ یەکشەممە 23-4-2024، بەهای 100 بۆ کەمتر لە 149 هەزار دینار دابەزی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ