رووداو - هەولێر
نزیكەی دوو هەفتە بەسەر خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لیژنە تایبەتمەندەكان راپۆرتیان لەبارەیەوە ئامادە نەكردووە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێ: "هەندێك لایەن كە بندیواریان زۆرە، خاوەخاو بە پرۆژەكە دەكەن".
پڕۆژە یاساكە لە 20 ماددە پێكهاتووە و وەك لە ماددەی یەكەمدا هاتووە، ئامانجەكەی ئەوەیە "بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەری و شایستەبوون لە خەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازات بەرجەستە بكات".
بەهار مەحموود، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ هەر پرۆژە و هەنگاوێكی چاكسازین، ئەو پرۆژەیەی حكومەتیش بەرفراوانە، پێویستی بە قسەی جدی و راشكاوانە هەیە، ئێمە تێبینی و سەرنجی خۆمان لەسەری ئامادە كردووە، بڕیارە لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆی لەسەر بكەین، ئەو پرۆژەیە ئاراستەی شەش لیژنەی پەرلەمانی كراوە و دەبێ هەمووان راپۆرتی خۆیان بنووسن، پاشان هەر شەش لیژنەكە راپۆرتێك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن".
پرۆژەكەی حكومەت لەلایەن ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستانەوە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، پرۆژەیەكی هەمەلایەنە و زۆربەی دامەزراوە پەیوەندارەكان بەشدارییان لە داڕشتنیدا كردووە. بەپێی پرۆژەكە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی كە ژمارەیان حەوت بەڕێوەبەرایەتییە، دەكرێنە یەك بەڕێوەبەرایەتی.
حكومەت چاوەڕێ دەكات لە ئەنجامی پەسەندكردن و جێبەجێكردنی پرۆژە یاساكە، مانگانە 100 ملیۆن دۆلار بگەڕێتەوە خەزێنەكەی.
بەپێی پرۆژەكە، یاساكانی خانەنشینی كە لە دوای ساڵی 1992 دەرچوون، هەڵدەوەشێنەوە و كار بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینی یەكگرتووی عێراق دەكرێت كە بەپێی ماددە 21ی ئەو یاسایە كەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینارە.
بەهار مەحموود دەڵێ: "پێشتر داوامان لە حكومەت كرد ئەو یاسایەی عێراق جێبەجێ بكات، بەڵام حكومەت وەڵامیان ئەوە بوو كە باری دارایی هەرێمی كوردستان زۆر خراپە، ناتوانن جێبەجێی بكەن، كەچی ئێستا لەو پرۆژە یاسایە باسی چالاككردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق دەكرێت لە هەرێمی كوردستان".
یەكێكی دیكە لەو سلكانەی لە یاساكەدا ئاماژەی بۆ كراوە بریتییە لە خانەنشینی سەربازی. هێشتا زانیاریی راست و دروست لەسەر ژمارەكە نییە، بەڵام بەپێی قسەی پەرلەمانتاران، زیاتر لە 160 هەزار كەس بە پلەی سەربازی خانەنشین كراون و ژمارەیەكی زۆری دیكەش لە سلكی سەربازی بوونە و لە شاخ پێشمەرگە بوون، بەڵام بە پلەی تایبەتی مەدەنی خانەنشین كراون، بەڵام بەپێی پرۆژە یاساكە سەرجەم خانەنشینەكانی هێزی پێشمەرگە بە پلەی وەزیر، بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی هەڵدەوشێنەوە.
بەهزاد زێباری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، رەخنە لە لیژنەكانی پەرلەمان دەگرێت بەوەی لە ئامادەكردنی راپۆرت خاون و دەڵێ: "تاوەكو ئێستا لیژنە تایبەتمەندەكان لەسەر ئەو پرۆژەی یاسایە كاری جدییان نەكردووە، چونكە هەندێك لایەن لەگەڵ ئەو پرۆژەیە نین، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر خانەنشین و بندیوار و مووچەخۆری حیزب لەوانن، بۆیە پشتیوانیی پرۆژەكە ناكەن".
هەر لەوبارەوە فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەو پرۆژەیەی حكومەت ناردوویەتی، رەشنووسە و قابیلی گۆڕانكارییە، یەكێك لە گرنگترین خاڵەكانی ئەو پرۆژەیە سندوقی خانەنشینی یەكدەخات و ئەو فەوزایە ناهێڵێت، جێبەجێكردنیشی ئاسان نییە، بەڵكو بە ئازارە بۆ حكومەت، بەڵام قەناعەتم وایە دواجار یاساكە لە پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێشبینی دژایەتی و لێدان لەو یاسایە دەكات و دەڵێ: "ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی ژمارەیەكی زۆر خەڵك دەدات، بۆیە چاوەڕێ ناكەین خەڵكێك چەپڵەی بۆ لێبدات، بەڵكو دژایەتی دەكەن تا مووچە و ئیمتیازاتەكانیان بمێنێ".
بەگوتەی د.ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە رۆڵی سەرەكی لە داڕشتنەوەی ئەو پرۆژە یاسایەدا هەبووە، لە سیستەمی بایۆمەتری دەركەوتووە 62 هەزار كەس زیاتر لە مووچەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن، بەڵام بەپێی ئەم یاسایە لەمەودوا جگە لە میراتگری شەهید و ئەنفالكراوەكان، كەسی دیكە ناتوانێت لە جارێك زیاتر سوودمەندی مووچە بێت. ئەگەر یاساكە پەسەند بكرێت، دەبێ حكومەت لە ماوەی 30 رۆژدا رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەربكات و لە ماوەی 90 رۆژدا پێداچوونەوە بە مەلەفی خانەنشینەكاندا بكرێ".
35 پاسەوانیان هەیە!
دۆسیەی پاسەوانی حیزبەكان و پاسەوانی بندیوار لە هەرێمی كوردستان زۆرترین قسەوباسی لەبارەوە كراوە. لە پرۆژەكەدا ئاماژە بە دەستنیشـانكردنی ژمـارەی پاسـەوانانی بارەگـا و دامـەزراوە حیزبییـەكان و هـەروەها پاسـەوانی خـاوەن وەزیفـە باڵاكـان و بەرپرسـە سیاسـییە باڵاكـان كراوە، بە جۆرێك بەپێی پەیڕەوێك كە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە ماوەی 90 رۆژ دەردەچێت، لـە چوارچـێوەی میلاكـی سـەربازی و هێزەكـانی ئاسایشـی نـاوخۆ بـەپێی شایسـتەبوونی خۆیان راژەكانیان رێكدەخرێتەوە. هەروەها گواستنەوەی گشت پاسەوانەكان بۆ سەر میلاكی یەكەی پاسەوانی لە وەزارەتی نـاوخۆ. بەهیچ جۆرێك نابێت پاسەوان لەسەر میلاكی هیچ یەكەیەكی دیكەی سەربازی بێ، جگە لە یەكەی پاسەوانی سـەر بـە وەزارەتـی نـاوخۆ.
قادر وەتمان ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان، گوتی "لە لیوا و فەوجەكان، بەرپرسەكان خۆیان پاسەوانیان بۆ خۆیان داناوە، بەرپرسی سەربازی هەیە 35 پاسەوانی داناوە لە كاتێكدا یاسا یەك دوو پاسەوان زیاتری ناداتێ".
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 63 هەزار پاسەوان هەن، لەو ژمارەیە بندیوارێكی زۆر هەیە هەروەكو پەرلەمانتاران باسی دەكەن. قادر وەتمان دەڵێ "بندیوار بە یاسا چارەسەر ناكرێت، بەڵكو بە دروستكردنی لیژنە و چاودێری دەكرێت، مووچەخۆری بندیوار دۆسیەی خۆی هەیە و هیچ كێشەی یاسایی نییە، لە سیستەمی بایۆمەتریش تۆمار كراوە و تەنیا ئەوەیە مووچە وەردەگرێت و دەوام ناكات".
لە بەغدا و هەولێر مووچە وەردەگرن
ژمارەیەكی زۆر بەرپرس و پلەداری سەربازی، هاوكات لە هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیش مووچە وەردەگرن و بە پلەی جیاواز خانەنشین كراون، هەیانە لە هەولێر پۆستی هەیە و لە بەغدا خانەنشینە و بە پێچەوانەشەوە، بەهزاد زێباری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت حكومەتی عێراق بەر لە ساڵێك بە نووسراوێك لیستێكی ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە ناو و پلەی وەزیفی ژمارەیەكی زۆر مووچەخۆری دیاری كردووە لەوانەی لە بەغدا مووچە وەردەگرن بۆ ئەوەی ئەگەر مووچە لە هەولێر وەردەگرن، مووچەكانیان ببڕدرێت.
وەك ئەو گوتی، بەغدا لیستێكی 5 هەزار كەسی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە كە زۆربەیان لە سلكی سەربازین، بەڵام مووچەی تەنیا 50 كەس بڕدراوە، ئەوانی دیكە هێشتا مووچە وەردەگرن.



