کەی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت؟

23-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە 10 رۆژ لەمەوبەر حکومەتی عێراق بڕیاریدا بڕە پارەیەکی دیکە بۆ جووتیارانی باشووری کوردستان خەرج بکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەو پارەیە نەدراوە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 23-11-2024) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرپرسانی سایلۆکان چەکی پارەکەیان وەرگرتووە و رادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پارەکە خەرج نەکراوە." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، چەکەکە دەکرێت بە پارە و بەگوێرەی ریزبەندی ناوی جووتیاران دەستدەکرێت بە دابەشکردنی.
 
14-11-2024 حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاری خەرجکردنی 400 ملیار دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا داوە.
 
لەو بڕە پارەیەی بڕیارە خەرج بکرێت. 158 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و ئەوی دیکەی بۆ کەرکووک و نەینەوایە.
 
لەو بڕە پارەیەی چەکی خەرجکردنی بۆ کراوە، 55 ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێرە و زیاتر لە 100 ملیاری بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە.
 
حکومەتی عێراق بایی 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کڕیوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ 270 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، جگە لەوەی ئێستا کراوە بە چەک.
 
ئەو پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ خەرجکراوە، زیاتر لە 115 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 80 ملیار بۆ پارێزگای هەولێر و زیاتر لە 75 ملیاریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆک بووە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر 300 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە خەرج بکرێت و ئەوەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە نیوەی ئەو پارەیەیە.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ـی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ـی تەممووز بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە