رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 155 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان وەرگیراوە. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە، کەرتی تایبەت وەریبگرێت.
12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان 157 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە و پڕۆسەکەش بەردەوامە".
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی گەنم بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
- سلێمانی و هەڵەبجە: 54 هەزار و 495 تۆن
- هەولێر: 54 هەزار و 256 تۆن
- دهۆک: 48 هەزار و 497 تۆن
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێت.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "ئەو گەنمەی تاوە ئەمڕۆ وەرگیراوە گەنمی نێو پلان و دەرەوەی پلانیشە".
دەستەی وەبەرهێنان: ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە دەدرێتە کەرتی تایبەت
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، ئەم ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هەبێ. ئەوەی دەمێنێتەوە بەشێوەی بازرگانی لە بازاڕەکاندا ساخ دەکرێتەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کورستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ساخکردنەوەی گەنمی جووتیاران، کۆبوونەوە لەگەڵ دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت کراوە، کە وەکو ساڵانی پێشوو گەنم وەربگرن
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "هەر وەبەرهێنێک بیەوێت گەنمەکە هەناردە بکات، یاداشتێک بداتە دەستەکەمان، هەموو رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی لە رسوومات و هەندێک بابەتی گومرگی ببەخشرێت".
لەبارەی نرخی ئەو گەنمەی کەرتی تایبەت وەریدەگرێ بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "نرخەکە تاوتوێ کراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دیاری نەکراوە و لە رۆژانی داهاتوودا دیاری دەکرێ".
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک، ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن وەردەگرێ، بەڵام 108 هەزار تۆنی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگرێ.



